ئەمریکا بە فەرمیی تورکیای لە پرۆژەی ئێف-٣٥ خستە دەرەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی تورکی لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ خستووەتە دەرەوە و تورکیای لە بەدەستهێنانی ئەو فڕۆکانە بێبەش کردووە، تورکیاش داوایکرد ئەمریکا پاشگەزبێتەوە، چونکە "دەبێتە هۆی برینێک کە بەهیچ شێوەیەک ساڕیژ ناکرێت".


دوێنێ کۆشکی سپی لەڕاگەیندراوێکی فەرمیی ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا لەسەر کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ دەوڵەتی تورکی لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ خستووەتە دەرەوە و چیتر مەحاڵە بەشداریی لەو بەرنامەیە بکات، تورکیاش بە توندیی وەڵامی ئەمریکای دایەوە.

بە باوەڕی کۆشکی سپی، تورکیا بە کڕینی سیستمی ئێس-٤٠٠، بەڵێنەکانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر دەستپارێزیی لە کڕینی سیستمە ڕوسییەکان پێشل کردووە.

کۆشکی سپی لەکاتێکدا دەوڵەتی تورکی لە کڕینی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ بێبەش کردووە، کە پێشتر بڕیاری دابوو فڕۆکەوانان و تەکنیککارانی تورک کە لە ئەمریکا خەریکی پەروەردەن تا کۆتایی ئەم مانگە خاکی ئەمریکا جێبهێڵن.

هاوپەیمانێتی ناتۆ-ش پێشتر لەسەر کڕینی ئەو سیستمە نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو، هەروەها چەندین جار هۆشداریی دابووە دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاندبوو کە سیستمە ڕوسیەکان لەگەڵ سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕۆژئاوا نەگونجاوە.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:"داوا لە ئەمریکا دەکەین لەو هەڵەیەی پاشگەزبێتەوە کە زیانێکی بێ قەرەبوو لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و تورکیا دەدات و دەبێتە هۆی برینێک کە بەهیچ شێوەیەک ساڕیژ ناکرێت".

لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکا هەریەکە لە وڵاتانی؛ بەریتانیا، ئیتالیا، کەنەدا و ئەوسترالیاش بەشدارن و پشێتر تورکیاش بەشداربووە.

س.ح