ئەمریکا بە نهێنی دەستی بە جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت کردووە لە عێراق

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات، واشنتۆن دەستی بە جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کردووە بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق.


کەریم عەلەوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، چەند زانیارییەکی هەواڵگرییان پێگەیشتوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی دەستیان کردووە بە جێگیرکردنی سیستمی مووشەکی پاتریۆت "بەرگری ئاسمانی" لە بنکەی ئاسمانی و سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.

عەلەوی بە کەناڵی "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاندووە، سیستمە مووشەکییەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری گەورەوە گواستراوەتەوە، "پێویستە حکومەت بەدواداچوون بکات بۆ ئەو مەبەستە، چونکە تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر جێگیرکردنی ئەو سیستمە نەداوە".

پێشتریش بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هێنان و جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت بۆ بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد چوونەتە قۆناغی کۆتایی و واشنتۆنیش خوازیارە هەرچی زووە سیستمەکە لە عێراق جێگیر بکات لەپێناو پاراستنی سەربازو دیبلۆماتکارانی ئەمریکی کە لەناو عێراقدا کاردەکەن.

میدیاکانی ئەمریکا لەزاری بەرپرسێکەوە بڵاویانکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا سوورە لەسەر زیادکردنی سەربازەکانی لە ناوخۆی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا لە بەرنامەیدایە نزیکەی ٤٠٠ سەرباز بۆ کارپێکردنی سیستمە موشەکیەکە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، باسی لەوەش کردووە، جێگیرکردنی ئەو سیستمە مووشەکییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی لە ناوکاوی وەک کاتیۆشا و هاوەن'ـە، لەو چوارچێوەیەشدا سیستمەکە ئامێری ڕادارو ئاگادارکردنەوەی لەگەڵدایە و هێرشەکان ئاشكرا دەکات.

هاتنی کینس فرانک ماکێنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتنی بۆ عێراق لە ٥ی ئەم مانگەدا، هاوکات بوو لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە بارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق، هەروەها سەردانەکەش لەسەر ڕاسپاردەی ئیدارەی ترامپ ئەنجامدرا بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لەو وڵاتە.

هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە شەش هەزار سەربازی لە عێراقدا هەیە کە هاوکاری سەربازی پێشکەش بە سوپای عێراق و باڵیۆزخانەو بارەگاکانی ئەمریکا دەکەن.

هاوکات پێگەی (مەدڵ ئێست ئەی هەواڵی بەریتانی) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نهێنی ژمارەیەک بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا و عێراقی بڵاوکردووەتەوە، کە تایبەت بووە بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەت ناوچە شیعە نشینەکان.

لە ناو ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمریکا هەڵدەستێت بە کشانەوەی بەشێک لە سەربازەکانی لە عێراق ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا ئامادەییان نیشانداوە بۆ ڕێزگرتن لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، ئامادەن سەربازەکانیان لە ناوچە شیعە نشینەکان بکشێننەوە کە ئێستا بنکەی سەربازی بەلەدی ئاسمانی تێدایە.

بنکەی سەربازی بەلەد گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئەمریکایە لە عێراق بە دووری ٦٤ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری بەغداوە کە لەسەر ڕووبەری ٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە هەڵکەوتووە، بە درێژی ٢٠ کیلۆمەتر بەربەستی کۆنکرێتی بۆ دانراوە.

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری ئەوەشیانداوە کە بەشێک لە هێزەکانیان لە بەغدا دەهێڵنەوە ئەوەش لەپێناو پاراستنی فڕۆکەخانەی بەغدا و باڵیۆزخانەکەیان.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئەمریکا دووپاتیان کردووەتەوە کە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە بەرامبەر داخستنی بنکەی بەلەد فراون دەکەن بەجۆرێک کە ببێتە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێتە هێڵی سووری ئەمریکا لە ناوچەکە.

ڕاپۆرتی ماڵپەڕە بەریتانیەکە ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی نهێنی لە دەرەوەی عێراق لە نێوان بەرپرسانی عێراق و وڵاتانی بیانی لە بارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق ئەنجام دراوە، لە نێویشیاندا کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە ئەردەن بە ئامادەبوونی نوێنەری سوپای ئەمریکا لە هاوپەیمانی ناتۆ.

بەپێی زانیارییەکانیش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق داوای لە واشنتۆن کردووە شاندێک بنێرن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ بکەن لەوبارەیەوە.

پۆمپیۆ ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان نەک کشانەوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، هەبوونی هێزەکانیان لە عێراق بۆ مەشق پێکردنی سوپای عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی داعشە، ئەو دوو ئەرکەش بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت.

هەر لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، جێمس جێفری نوێنەری تایبەتی هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش جەختی لەوە کردووەتەوە، بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی واشنتۆن و حکومەتی بەغدا بووە نەک بڕیارو ڕەزامەندی پەرلەمان.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستاش هێزێکی زۆری ئەمریکا و دەوڵەتی تورک، لە خاکی عێراق'دا ماونەتەوە و بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەتیدەکەنەوە بچنەوە وڵاتەکانیان، ئەوەش لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ داوای دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکانیان لە عێراق کردبوو.

س.ح