ئەمریکا دەستی بەسەر ١٥٠ مووشەکی ئێراندا گرت

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە دەریای عەرەب، لە ناو کەشتییەکدا دەستی بەسەر ١٥٠ مووشەکی دژە تانک و زەمین بە ئاسمانی ئێرانەوە گرت.


دوێنێ فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- سنتکام، دەستی بەسەر کەشتییەک داگرت کە مووشەکی ئێرانیی دەگواستەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە سنتکام لەو بارەوە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: چەکە دەستبەسەرکراوەکانی ناو ئەو کەشتییە، بریتین لە؛ ١٥٠ مووشەکی دژە تانک جۆری 'دهلاویە' کە کۆپی نوسخەی مووشەکی دژە تانکی ڕوسی جۆری 'کورنت'ـە و سێ مووشەکی زەمین بە ئاسمان.

ڕاگەیەندراوەکەی سنتکام ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەو مووشەکانە بۆ حوسییەکانی یەمن نێردرابوون کە پێشلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ قەدەغەی چەک لەسەر یەمەن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩ـشدا کەشتی جەنگی "یو ئێس ئێس فارست"ی ئەمریکا لە دەریای عەرەب دەستی بەسەر کەشتییەکی بچوکدا گرت کە پڕبوو لە مووشەک و چەکی ئێرانی کە بۆ حوسییەکان ڕەوانە کرابوو.

تا ئێستا دەربارەی ئەم هەواڵە بەرپرسانی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەبووە.

س.ح