ئەمریکا: دەوڵەتی ئێران دەستی لە ٣٦٠ تیرۆری نێودەوڵەتی هەبووە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: دەوڵەتی ئێران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، لە ٤٠ وڵاتی جیهان، دەستی هەبووە لە ٣٦٠ هێرش و کردەوەی تیرۆریستی.


دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاپۆرتێکی لەسەر کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی ئێران (کۆماری ئیسلامی)، لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، لە ٤٠ وڵاتی جیهان بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانیدا لە وڵاتانی جیاواز، ٣٦٠ تیرۆری ئامانجداری ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە ئەم کردەوە تیرۆریستیانە، بووەتە هۆی کوژران و کەمئەندامبوونی هەمیشەیی سەدان کەس کە بە دەستی، فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، وەزارەتی ئیتڵاعات و گروپە گرێدراوەکانی دەسەڵاتی ئێران لەوانە حزبوڵای لوبنانی ئەنجامدراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی ئەندامانی تیمە دیپلۆماتکارەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە تیرۆرەکاندا کراوە و هاتووە: لێکۆڵینەوە دادوەری، پۆلیسی و هەواڵگیرییەکان، بە بەڵگە پشتڕاستی دەکەنەوە کە کادێرانی باڵیۆزخانەکانی ئێران و دیپلۆماتەکانیان دەستیان لەو تیرۆرانە هەبووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ناوی چەندین دیپلۆماتکاری ئێران هاتووە، لەوانە موحسین ڕەبانی و حەمیدڕەزا ئەسغەری کە دەستیان هەبووە لە تەقاندنەوە "باڵاخانەی ئامیا" کە ناوەندێکی جولەکاکان بوو لە بوینس ئایرسی ئەرجەنتین و عباس ئەسەدی کە بە تۆمەتی جێگرکردنی بۆمبێک لە ناوەندێکی 'موجاهیدین خەلق' لە پاریس ساڵی ٢٠١٨ لە بایرنی ئەڵمانیا دەستگیرکرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی کاربەدەستانی باڵای ئێران لە تیرۆرە نێودەوڵەتییەکان کراوە لە ٩٠ـەکان، لەوانە؛ عەلی فەلاحیان وەزیری ئەوکاتەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری ئەوکاتەی وەزارەتی دەرەوە و محسێن ڕەزایی فەرماندەی ئەوکاتەی سوپای پاسداران، کە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرچووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە سوپای پاسدارانی ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان، هەڕەشە لە چالاکوانانی مەدەنی و ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکات کە لە دەرەوەی ئێران نێشتەجێین و دەڵێت: سوپای پاسداران هەوڵدەدات کە کۆمەڵگای مەدەنی بێدەنگ بکات.

ک.س