وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزا بەسەر دەستەی پیشەسازیی بەرگریی دەوڵەتی تورک و چەند بەرپرسێکی ئەو دەوڵەتە، بەهۆی کڕینی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیی.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەکردوە، سزا بەسەر دەستەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و سەرۆکەکەی ‘ئیسماعیل دەمیر’ و سێ بەرپرسی دیکەی سوپادا دەسەپێنن.
بلینکن، هۆکاری سزادانەکەی ئاشکراکردوە، کە واژۆکردنی گرێبەستی گەورەی دەستەکەیە لەگەڵ ڕوسیا و کڕین و تاقیکردنەوەی سیستمی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیی.
سزاکە بەجۆرێکە، هەناردەکردنی هەموو بەرهەمێکی ئەمریکیی بۆ دەستەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا قەدەغە دەکرێت، هەروەها قەدەغەکردنی پێدانی قەرز پێی، کە لە ١٠ ملیۆن دۆلار زیاتر بێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕێگا بە هیچ هاوڵاتییەکی ئەمریکی نادرێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی تورکیا بکات،کە سزاکان دەیانگرێتەوە، سەرجەم پارەکانیشیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ڤیزا نادەن بەو کەسانە، بچنە ناو ئەمریکاوە.
ش.ف