وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆکراین هەموو مافێکی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە، کە بوونەتە بەشێک لە ڕووسیا، دەشڵێت:”لێپرسینەوە لە هەرکەسێک دەکەین دان بە لکاندنی ناوچەکانی ئۆکراین بە ڕووسیاوە بنێت”.
ڕۆژى ٢٨ ى ئەم مانگە ئەنجامە بەراییەکانی ڕیفراندۆمی هەرێمەکانی لۆگانس، دۆنتێکس، خێرسۆن و ژاپۆریژیای ئۆکراین بڵاوکرانەوە و بەزۆرینەى دەنگیش دانیشتووانی ئەو چوار ناوچەیە بڕیاریاندا لە ئۆکراین جیاببنەوە و بچنە پاڵ ڕووسیا. ئەمڕۆش ڤلادیمێر پووتین-ی سەرۆکی ڕووسیا بەفەرمیی واژۆی لەسەر پەسەندکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە کرد و ئەو چوار هەرێمەی وەک بەشێک لە خاکی ئۆکراین ناساند.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای بڕیارەکەی پووتین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:”وەک چۆن پێشتر حکومەتی ئەمریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە، دان بە پەیوەستبوونی هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوگانسک، خێرسۆن و ژاپۆریژیا بە ڕووسیا نانێت”.
وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملن) دوای بڕیارەکەی پووتین ڕایگەیاند، کە لەمەودوا هەر هێرشێکی ئۆکراین بۆ سەر ئەو چوار هەرێمە وەک هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا هەژماردەکرێت، بەڵام بلینکن دەڵێت:”ئۆکراین هەموو مافێکی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە”.
ڕاشیگەیاند، “ئەگەر مۆسکۆ ڕێگریی لەو جۆرە هەوڵانە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بکات، ئەمریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک کە ئیدانەی پەیوەستبوونی ئەو ناوچەکان دەکات، ئاراستەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات”.
وەزیری دەروەی ئەمریکا هۆشداریشی دا، کە “لێپرسینەوە لە هەر کەسێک، پێکهاتە و دەوڵەتێک دەکەین کە دانپێدانانی سیاسیی بە پەیوەستبوونی ئەو ناوچانە بە ڕووسیا بنێت، یان پشتگیریی ئابووری بۆ هەوڵە نایاساییەکانی ڕووسیا بۆ گۆڕینی دۆخی خاکی ئۆکراین بکات”.
ئەنتۆنی بلینکن ئاشکراشی کرد، وڵاتەکەی سزای بەسەر ٩١٠ ئەفسەر و کارمەندی سوپای رووسیا و بیلاڕووسیادا سەپاندووە و ڤیزای گەشتکردنیان پێ نادات.
ب.ل