جگە لە ئیسرائیل، ئەمریکا تا ئێستا هیچ دەنگێکی بەهێزی لە نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر نەکردووە بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نامەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، بەوپێیەی ئێران پابەند نەبووە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ زلهێزانی جیهان.
مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، ئاماژەی بەوەشدا، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان ئابڵوقەی چەک لەسەر ئێران درێژ نەکاتەوە.
پۆمپیۆ دووپاتیشیکردەوە ئەمەریکا هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات ئازادانە کڕین و فرۆشتن بە چەکی قورسەوە بکات.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیسڕائیل پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا کرد بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە زلهێزانی جیهان کرد پشتیوانی لە ئەمەریکا بکەن، پێیوایە بڕیارەکەی ئەمریکا ڕاستە.
لە بەرامبەریشدا هەریەک لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، ناتوانن پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بکەن بۆ سەپاندنەوەی هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران و دوپاتیانکردەوە ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا ناگونجێت کە دەدرێن بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.
ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کردووە دەستبەرداری هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بێت کە لەگەڵ بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ناگونجێت و بێ دواکەوتن بگەڕێتەوە سەر بەندەکانی ڕێکەوتنەکە.
ی. ک