ئەمریکا لە ٨ مانگدا ٢٠ هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەکە

ژەنەراڵێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی مەترسییەکانی ئێران، لە هەشت مانگی ڕابردوو، ئەمریکا ٢٠ هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


دوێنێ ژەنەراڵ فرانک مەککنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سنتکام) لەسەر کەشتی جەنگی USS، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و پێچەوانەی بەڵێنەکانی ترامپ بۆ بردنەوەی سەربازەکانیان بۆ ماڵەوە، ڕایگەیاند ئەمریکا ٢٠ هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەکە.

مەککنزی ڕایگەیاندووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڕوو لە زیادبوونی ئێران، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەشت مانگی ڕابردوو ٢٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە بۆ ماوەیەکی نادیار دەمێننەوە.

مەککنزی هەروەها بە دەریاوان و سەربازەکانی سەر کەشتییەکەی وتووە: هەموو شتێک گرێدراوی گۆڕانکارییەکانی داهاتووە و هیچ دیار نییە ئێوە تا چ کاتێک لێرە بمێننەوە.

مەککنزی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: هەڕەشەکانی ئێران زۆر جددین، هێزەکانی گرێدراو و لایەنگری ئێران کە بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی یان بەبێ فەرمانی ئەو کار دەکەن، لە ناوچەکەن و هەڕەشە دروست دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران ئێستا هێمن بووەتەوە و بەنیاز نییە گرژییەکان توند بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران، فەرمان بە هێزی دەریایی ئەمریکا کراوە کە کەشتییەکانی لە ئەوروپاوە بباتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و مووشەکی پاتریوتیشی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناردووەتە ناوچەکە.

ئەم وتانەی ژەنەراڵ مەککنزی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەڵێنی دابوو کە هێزەکانی لە ناوچەکە بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵ و کۆتایی بە شەڕەکان بێنێت.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە هێرشی لایەنگرانی ئێران بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و دواتر کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە توندتربووەوە، لە وەڵامی کوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران دوو بنکەی ئەمریکای لە عێراق کردە ئامانج، کە بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی سوپای ئەمریکا ٣٤ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد تووشی کاسبوون و حاڵەتێکی سەرئێشە بوون و بۆ چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا، کوەیت و ئەمریکا.

ک.س