ئەمریکا لە پەیماننامەی ئاسمانە کراوەکان دەکشێتەوە

کاربەدەستانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، بەهۆی پێشلکارییەکانی ڕوسیاوە لە پەیماننامەی ئاسمانە کراوەکان دەکشێتەوە.


بڕیارە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیماننامەی ئاسمانە کراوەکان کە ساڵی ٢٠٠٢ لە نێوان ٣٤ وڵات واژۆ کراوە بکشێتەوە.

دوێنێ، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕوسیا هەیە، بەڵام ڕوسیا پابەند نەماوە بە پەیماننامەی (ئاسمانە کراوەکان)، بۆیە تا ئەوکاتەی ڕوسیا پانەبد نەبێت بە پەیماننامەکە، ئەمریکا لێی دەکشێتەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر ئەمریکا ڕەخنەی لە ڕوسیا گرتبوو کە ڕێگە بە فڕینی فڕۆکەکانی نادات بەسەر ئاسمانی 'کالینگراد'ـەوە لە نزیک جورجیا و نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ڕوسیا دەربڕیبوو.

کاربەدەستێکی ئەمریکی کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە ڕویتەرزی وتووە: دوای تاووتوێکردنی پەیماننامەکە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە چیتر لە قازانجی ئەمریکا نییە لە پەیماننامەکەدا بمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا ، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ پێشلکارییەکی لە پەیماننامەکەدا نەکردووە و دەتوانین لەسەر کێشە تەکنیکییەکان گفتوگۆ بکەین، کە ئەمریکا بە هەڵە بە پێشلکارییان دەزانێت.

جێگای ئاماژەیە، پەیماننامەی ئاسمانە کراوەکان ساڵی ٢٠٠٢ لە نێوان ٣٤ وڵاتی جیهان لەوانە، ڕوسیا، ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئۆکرانیا و تورکیا، واژۆکرا، ئامانجی پەیماننامەکە، زیادکردنی پێباوەڕی وڵاتانی ئەندام و پێشگرتن لە هێرشەکان بوو، بەپێی پەیمانەکە، وڵاتانی ئەندام دەتوانن فڕۆکە بێچەکەکانیان بۆ سیخوڕی بنێرنە سەر وڵاتانی یەکتر.

ک.س