ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گروپەکانی سەر بە ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشە مووشەکیەکەى شەوی ڕابردووی سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و دەڵێت: “مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین”، سەدر و عامریش ئیدانەی هێرشەکە دەکەن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی، ئەو موشەکانەى لەو هێرشەدا بەکارهێنراون، دروستکراوی دەستی ئێرانن و هێرشەکانى ئەم دواییەش لە عێراق لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجامدراون کە ئێران پاڵپشتىیان دەکات.

وەزارەتى دەرەوە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەشدارناربن لە بارگرژى زیاتر کە ئێران دەیقۆزێتەوە بە ئامانجى ناسەقامگیرکردنى دۆخى ئەمنی عێراق و پشتیوانى خۆیشی بۆ فراوانکردنى ئەرکى ناتۆ لە عێراق دوپاتکردەوە و رایگەیاند، پلانیان بۆ زیادکردنى ژمارەى هێزەکانیان دانەناوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش “پنتاگۆن” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەگەڵ عێراقییەکان کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و دووپاتیکردەوە، “ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جدین و مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین”.
شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق لە بەیاننامەیەکدا شوێنی هەڵدانی ئەو سێ مووشەکەی ئاشکرا کرد کە شەوی ڕابردوو ئاڕاستەی ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا کران لە بەغدا.
بەپێی بەیاننامەی شانە جەنگیەکە، ئەو مووشەکانە، لە گەڕەکی سەلام لە ناوەڕاستی بەغدا لە ناوچەی کەڕادەوە هەڵدراون و زیانی بە زیاتر لە چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی گەیاندووە، هەروەها ئەوەش هاتووە کە مووشەکەکان لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە دۆزراونەتەوە.
هاوکات وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فەرماندە واین ماروتۆ لە تویتێکدا ئەوەی ڕاگەیاند، لەو هێرشە مووشەکیەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە، هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح ئیدانەى دووبارەبوونەوەی هێرشى سەر نێردە دیبلۆماسییەکانى کرد لە بەغدا و داواى لە حکومەت کرد شکۆى هێزە ئەمنییەکان بپارێزێت.

عامرى لەبەیاننامەیەکدا بە توندى سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد بۆسەر نێردە دیبلۆماسییەکان لە ناوچەی سەوز و دووپاتیکردەوە، ئەو کارە پاساو هەڵناگرێت و لەسەر دەزگا ئەمنییەکان پیویستە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنى نێردە دیبلۆماسییەکان.
عامرى داواى لە حکومەت کرد، بە ئەرکى خۆى هەڵسێت بۆ پاراستنى شکۆى دەزگا ئەمنییەکان لەپێناو ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان.
لاى خۆشیەوە موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “دەبینم بەکارهێنانی چەک و بۆردومان و بە ئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەکان لە زیادبووندان، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەلی عێراق دروست کردووە”.

سەدر بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت “ئایا ترساندنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانیان لەگەڵ بەرگریدا دێتەوە؟ هەروەک داواش لە حکومەت دەکات دەستەوەسان نەبێت لە ئاست هێرشەکان.
هاوکات جەعفەر حسێنی وتەبێژی سەربازی گروپی حیزبوڵای عێراق ڕایگەیاندووە، لە پشتی ئەو هێرشانەوە دەستێکی زیانبەخش هەیە کە دەیەوێت کارتەکان تێکەڵ بکات.

ئەوەش دەبێتە سێیەم هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ماوەی هەفتەیەکدا، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی ڕوونی لەبارەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەوە دەستنەکەوتووە.
ی. ک