ئەمریکا ماوەی بەدەربوون لەگەمارۆکانی ئێران درێژ ناکاتەوە

ئەمریکا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، هەشت وڵاتی لە گەمارۆکان بەدەرخست بۆ بازرگانییکردن لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ، بەڵام کاربەدەستانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، کە چیتر ئەو ماوەیە بۆ هیچ وڵاتێک درێژ ناکەنەوە.


دوێنێ ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریکیی بڵاویکردەوە، کە لە درێژەی کارەکانی ئەمریکا بۆ فشار خستنەسەر ئێران دوای ساڵێک لە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی، ئەو بەدەربوونە لە گەمارۆکانی ئێران کە پێشتر بە شێوەی سنووردار، دایبووبە هەشت وڵاتی، ژاپۆن، چین، کوریای باشور، هندستان، ئیتالیا، تایوان، یۆنان و تورکیا، ٢ی مانگی ئایار کۆتایی پێیدەێت و چیتر درێژی ناکاتەوە.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی مانگی داهاتوو، بە فەرمی ڕایدەگەینێت کە ڕێگەی بە هیچ وڵاتێک نادات بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، بە پێچەوانەوە، ئەو وڵاتانە ڕووبەڕۆی گەمارۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبنەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ٨ی ئایاری ٢٠١٨ چوونەدەرەوەی وڵاتەکەی لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران کە بە "بەرجام" ناسراوە، ڕاگەیاند، لە هەمان مانگدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ستراتیجی تازەی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێران ڕاگەیاند و هۆشدارییدا، ئەگەر ئێران ڕێگەی خۆی نەگۆڕێت "دژوارترین گەمارۆکانی مێژوو" بە سەریدا دەسەپێت، بەو بڕیارە تازەیەش فروشتنی نەوتی ئێران دەگاتە سفر.

ش.ف