ئەمریکا: هیچ پەیامێکی نهێنیمان بۆ ئێران نەناردووە

لە وەڵامی بانگەشەی کاربەدەستانی ئێران کە وتبوویان 'ئەمریکا بۆ دانووستان بەنهێنی پەیامی ناردووە بۆمان'، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەی لەڕێگەی بەرپرسانی وڵاتانی دیکەوە پەیامی نهێنیی بۆ ئێران نەناردووە.


هەفتەی ڕابردوو کەیوان خەسرەویی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وتبووی ئەمریکا چەندین جار بە نهێنی داوای دانووستانی لە ئێران کردووە.

لەبەرامبەردا ئەمڕۆ مۆرگان ئۆرتەگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتوویەتی: پەیامی نهێنیمان بۆ ئێران نەناردووە، ئێمە بە ئاشکرا و بۆ ڕای گشتیمان ڕوونکردووەتەوە کە ئامانجمان چییە و چ داواکارییەکمان هەیە".

بێجگە لە وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەفتەی ڕابردوو حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانیش وتبووی: "ئەمریکییەکان تا ئێستا بە نهێنی چەندین جار داوای دانووستانیان کردووە، بەڵام من دانووستان لەم دۆخەدا بە گونجاو نابینم".

هەر لەهەفتەی ڕابردووشدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو: "تا ئەو کاتەی ئێرانییەکان ئامادە نەبوون، با داوای دانووستان نەکەن".

د.ع