ئەمریکا هەڕەشە لە تورکیا دەکات و دوا وادەی بۆ دیاری دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ٣١ی مانگی داهاتوو دەرفەتی داوەتە دەوڵەتی تورک تا لە کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ی ڕوسی پاشگەز ببێتەوە و ئەگەرنا ئەو فڕۆکە F-35ـانەی تورکیا کڕیویەتی پێی نادرێت.


کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە بووەتە جێی ناکۆکیی قووڵی نێوان ئەمریکا و تورکیا، لە نوێترین کاردانەوەیدا، ئێڵن لۆرد بەرپرسی کڕین و فرۆشتنی وەزارەتی پاراستنی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامونووسیدا ڕایگەیاندووە: ئەگەر تا ٣١ی مانگی داهاتوو دەوڵەتی تورک دەست لە کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ی ڕوسی هەڵنەگرێت، ئەو فڕۆکەوانانەی تورکیا کە لە ئێستادا پەروەردەی F-35 دەبینن، لە سنوور وەدەردەنرێن.  

هەروەها پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت ئاشکرایکردووە کە لەسەر ئەو بابەتە نامەیەکی داوەتە دەوڵەتی تورک و وتوویەتی: ڕێگە بە تورکیا نادرێت کە ئەو چوار فڕۆکە F-35ـەی کە پێشتر لە ئەمریکا کڕیویەتی بباتەوە ناو خاکی خۆی.

شاناهان هەروەها هۆشداریی داوەتە تورکیا و وتوویەتی: گرێبەستی کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400 لە ڕوسیا، گورز لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ دەوەشێنێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و لە دەرەنجام زیان بە ئابووری تورکیا دەگەینێت.

کاربەدەستانی ئەمریکا تا ئێستا چەندین جار هۆشدارییان داوەتە تورکیا لەسەر کڕێنی سیستەمی مووشەکی S-400 لە ڕوسیا، بەڵام تورکیا ڕایگەیاندووە کە لەو گرێبەستە پاشگەز نابێتەوە، مانگی ڕابردوو مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتبووی: پێویستە تورکیا لە نێوان ئەندامێتی ناتۆ و یان مەترسی دروستکردن لەسەر ئەم هاوکارییە، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

تورکیا تا ئەم کاتە هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر ئەم هەڕەشە نوێیەی ئەمریکا نەبووە.

ک.س