شەوى ڕابردوو کۆبوونەوەى نێوان شاندى ئەمریکا بە سەرۆکایەتی وێندی ئاڕ شێرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێرگی ریباکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە شاری جنێڤ لە سویسرا بهڕێوهچوو، بهپێی لێدوانی بهرپرسانی هەردوولایان، نهگهیشتونهته ڕێككهوتن.
کاتژمێر ١٠:٥٥ خولەکى شەوى ڕابردوو کۆبوونەوەى نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو.
شاندى ئەمریکا وێندی ئاڕ شێرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتى دەکرد و شاندى ڕووسیاش سێرگی ریباکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرپەرشتى دەکرد و تێیدا تەوەرەکانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى نێوان هەردوولا، کێشەی ئۆکرانیا، فراوانخوازییەکانى ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات، کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
وێندی ئاڕ شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگهیاندووە: شاندەکەی مۆسکۆ هیچ دڵنیایەکی بە ئەوان نەداوە کە سەربازەکانیان لەنزیک سنووری ئۆکرانیا بکشێننەوە، کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە: سهڕای ئهوهی نهگهیشتونهته ڕێككهوتن، بهڵام پێشنیازیان بۆ شاندەکەی مۆسکۆ کردووە لە داهاتودا کۆبونەوەی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر سیستمە موشەکییەکانی ناتۆ لە ئەوروپا و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو پەیماننامەی چەکە ئەتۆمییە مەودا مامناوەندەکان بکەن.
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگهیاندووە: ویلایهته یهكگرتوهكانی ئەمریکا پێشنیازەکانی مۆسکۆی بەهەند وەرگرتوە و ئەوانیش دڵنیاییان بە واشنتن داوە، کە ئۆکرانیا سەلامەت دەبێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژهی بهوهش كردووە: لە کۆبونەوەکەدا هەستمان بەوەکرد، کە لایەنی ئەمریکی پێشنیازەکانی روسیای زۆر بەهەند وەرگرتووە و خوێندنەوەی قوڵیان بۆ کردون، ئێمە ڕونمان کردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک نە پلانمان هەیە و نە نیازیشمان هەیە هێرش بکەینە سەر ئۆکرانیا.
بەپێی وتەى بەرپرسانى ئەمریکا و ناتۆ، پێشتر ڕووسیا ١٠٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد و ئەمریکاش نیگەرانی خۆی لەوبارەوە دەربڕیوە لەسەر ئەوەی پێدەچێت ڕووسیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ئۆکرانیا داگیربکات.
ئ.م