وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دوو کەسایەتی و ١٦ دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە کە لەژێر فەرمانی ڕێبەری ئایینی ئێران دان.
ئێوارەی دوێنێ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، بە تۆمەتی سەرکوتی سیستماتیکی خۆپیشاندەران و دژبەرانی دەسەڵات و هەروەها دەستگرتن بەسەر ماڵ و مۆڵکی کەمینە ئایینییەکان، سزای خستەسەر چەندین دامەزراوەی ژێر فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، دامەزراوەکانی “ئاستانی قودسی ڕەزەوی” و “ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام” لەو ١٦ دامەزراوەیەن کە سزایان خراوەتەسەر ئەوەش بەهۆی داگیرکردن و دەستگرتن بەسەر ماڵ و مۆڵکی کەمینە ئایینییەکانی ئێران و خۆپیشاندەرانی ناڕازیی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دوو کەسایەتی نزیک لە ڕێبەری ئێران، واتا؛ ئەحمەد مەرڤی سەرۆکی ‘دامەزراوەی ئاستانی قودسی ڕەزەوی’ و محەمەد موخبر سەرۆکی ‘ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام’ی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.
هەروەها ١٤ دامەزراوە و کۆمپانیای گرێدراوی ئەو دوو دامەزراوە سەرەکییەش سزایان خراوەتەسەر، هەر بەو تۆمەتانەی سەرەوە و بۆ بەشداری لە سەرکوتی توندوتیژی خۆپیشاندەران و هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.
بەپێی ئامارەکان، بەراورد دەکرێت، دامەزراوەکانی “ئاستانی قودسی ڕەزەوی” و “ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام”، لەگەڵ “ناوەندی هەژاران” و “بڕیارگەی خاتەم ئەنبیا” سەربە سوپای پاسداران، لە ئێستاد زیاتر لە نیوەی ئابوری ئێران کۆنترۆڵ دەکەن.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم دامەزراوانەی لەژێر فەرمانی خامنەیی دان و دەستیان گرتووە بەسەر ئابوری ئێران دا و بوونەتە هۆی گەندەڵی بەربڵاو لەو وڵاتە، ڕایگەیاند: ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەو کەس و دامەزراوانەی، بە هەژارکردنی گەلانی ئێران خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.
جێگای ئاماژەیە، لە کاتێکدا خەڵکی ئێران لە دۆخێکی ئابوری خراپدان و بێکاری و هەژاری سەرتاسەری ئەو وڵاتەی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە گرتووەتەوە، تەنیا یەکێک لە دامەزراوەکانی ژێر فەرمانی خامنەیی (ناوەندی جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام)، خاوەن ٩٥ ملیارد دۆلار سەرمایەیە.
ب.ک