ئەمریکا: ڕێککەوتنێکی نوێ و جێبەجێیکردنی ١٢خاڵەکە تەنیا ڕێگاچارەی ئێرانە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ڕێگە نادەن بە هیچ وڵاتێک مامەڵە بەسەر گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە بکات، بۆ ئێرانیش وتوویەتی: تەنیا ڕێگاچارەی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیر و جێبەجێیکردنی ئەو ١٢خاڵەیە کە دەستنیشانمان کردووە.


دوێنێ مۆرگان ئۆرتەگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاماژەی بە دوایین گەمارۆکانی سەر ئێران کرد.

مۆرگان ئۆرتەگوس ڕایگەیاند: ئێران یان دەبێت وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات یان داڕووخانی ئابوری خۆی ببینێت، تەنیا ڕێگاچارەی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیر و جێبەجێیکردنی ئەو ١٢خاڵەیە کە دەستنیشانمان کردووە.

ئۆرتەگوس جەختی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ئێران قسە بکات و وتوویەتی: ئەوان (ئێران) باش دەزانن کە بە چ شێوەیەک پەیوەندیمان لەگەڵدا بکەن.

مۆرگان ئۆرتەگوس لەسەر ڕێکاری ئاڵوگۆڕی تایبەت (ئینستێکس) لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران ڕایگەیاند:"مامەڵەکردنی تایبەت لەگەڵ ئێران لەلایەن ئەوروپاوە ئەگەر پەیوەندییدار بە لیستی گەمارۆکان نەبێت، کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەگەر ئەم شێوەیە بۆ دەوردان (بێکاریگەرکردن)ی گەمارۆکان بێت و کێشە ساز بکات، جێگەی قبوڵ نییە، ڕێگەش بە هیچ وڵاتێک نادەین مامەڵە بەسەر گەمارۆکانەوە بکات".

جێگای ئاماژەیە، کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا لە چوارچێوەی فشارەکانی بۆسەر ئێران، پیشەسازیی پەترۆکیمیاوی ئێران و بەتایبەت 'کۆمپانیای پیشەسازی پترۆکیمیاویی کەنداوی فارس'، بەهۆی پشتیوانیی دارایی لە بڕیارگەی "خاتەم ئەنبیا‌و" کە ناوەندی ئەندازیاریی سوپای پاسدارانی ئێرانە، خستە لیستی گەمارۆکانییەوە، کە دەوترێت زیاتر لە نیوەی هەناردەی پترۆکیمیاویی ئێرانی لە ئەستۆدایە.

س.ح