ئەمریکا ڕێگا بە نەخۆشخانەکانی دەدات کلۆرۆکین بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربهێنن

وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی سەرپشک دەکات لە بەکارهێنانی دەرمانی کۆلۆرۆکین و هیدرۆکسیکلۆرۆکین بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا ڤایرۆس، پێشتریش دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو ئەو دەرمانە لە ئێستادا تاکە هەلە بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە.


دوێنێ ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بڕێکی زۆر دەرمانی کلۆرۆکین و هیدرۆکسیکلورکینی بەسەر نەخۆشخانەکانی ئەمریکا دابەشکرد تا وەک چارەسەری کۆرۆنا ڤایرۆس بەکاریبهێنن کە لە بنەڕەتدا دەرمانی چارەسەری مەلاریایە و سەرۆکی وڵاتیش دەڵێت هیوایەکی گەورەیان بە دەرمانەکە هەیە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا، دەرمانەکە تەنها بۆ گەنجان و گەورەکان بەکاردەهێنرێت ئەوانەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون ئەویش بە گەرتنەبەری چەند ڕێکارێکی تایبەت بەخۆی.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا وتی، بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریا بۆ چارەسەری کۆرۆنا ڤایرۆس لەم کاتەدا هەلێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە.

هایدرۆكلۆرۆكوین له‌ كورده‌واریدا بۆ چارەسەری ده‌رده‌ گورگ ناسراوه‌ و حه‌بی كلۆرۆكۆینیش بۆ نه‌خۆشی مه‌لاریا به‌كارهاتووه‌ ئێستای بۆته‌ ده‌رمانێكی به‌خشنده‌ بۆ كۆرۆنا ڤایرۆس، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو دەرمانە لە ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی جیهانیش کەمبووەتەوە و لە ٢٠ی ئەم مانگەدا تەنها ٢٠٠ دەنکە حەبی لێ پەیدا کرا لە ئەمریکا، بەڵام دواتر کۆمپانیای تایبەتمەند دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی دەرمانەکە و نزیکەی هەزار دەنکە حەبی لە هەفتەی یەکەمی کارکردنیدا بەرهەمهێنا.

ک.س