ئەمریکا کەشتی جەنگی ڕەوانە دەکات و داوای پەیوەندیش لە ئێران دەکات

دوابەدوای قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ترامپ ژمارەی تەلەفۆنی لە سویسرا داناوە، کە ئێران وەریگرێت، لەلایەکی دیکەوە کەشتی جەنگی و فڕۆکەی زیاتر ڕەوانەی کەنداو دەکات.


ڕۆژی ٨ی مانگی چوار، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی واژۆ کرد، کە تێدا سوپای پاسداران خرایە لیستی تیرۆرەوە، دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە پێشتریش هەبوو، ڕووی لە زیادبوون کرد، دوێنێ کەشتییەکی جەنگی و چوار فڕۆکەی B-52 لەلایەن ئەمریکاوە ڕەوانەی کەنداو کرا، شەوی ڕابردووش کەشتیەکی جەنگی دیکە و سیستمی مووشەکی پاتریوتی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

مانگێک لەمەوبەر کە بڕیارەکەی ئەمریکا لەسەر سوپای پاسداران جێبەجێی کرا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش بڕیاریدا کە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "سنتکام" دەناسرێت بخاتە لیستی تیرۆرەوە و دەوڵەتی ئەمریکاشی وەک پاڵپشتیکەری تیرۆر لەقەڵم دا، کێشەکە بەوەوە نەما و دوای ئەوە ئەمریکا لە چوارچێوەی فشارەکانی بۆسەر ئێران لێخۆشبوونێک کە بە ٨ وڵاتی دابوو بۆ بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران، لایبرد و درێژی نەکردەوە.

بەو بڕیارە بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار دیسان دابەزی و بۆرسەی ئێران تووشی شڵەژاوی بووەوە، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەفەرێکی کرد بۆ ئەمریکا، چەند ڕۆژێک لەوێ مایەوە و لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ فاکس نیوز ڕایگەیاند، کە ئێران ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا دیل بە دیل بکات، وتیشی شەش مانگ لەمەوبەریش هەر ئەو پیشنیارەی کردووە بەڵام بێ وەڵام بووە، باسیان لەوەشکرد کە زەریف خواستی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا هەبووە، بەڵام هیچ ئەندامێکی بەدەستنەهێناوە.

فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتریکرد، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەڕانێکی دپلۆماسیی لە ناوچەکە و جیهان دژی ئێران دەستیپێکرد و سەردانی چەندین وڵاتی کرد، هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە بەدەرنەبوون لە فشارەکانی ئەمریکا و حیزبوڵای لوبنانیشی گرتەوە و خرایە لیستی تیرۆرەوە.

لە بەرامبەردا کاربەدەستانی سیاسی- سەربازی ئێران کاردانەوەیان پیشاندا، سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئەمریکا کرد کە "هەرگیز هێزە ئەمریکییەکان لە خۆرئاوای ئاسیا ڕۆژی خۆش و ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن"، کاربەدەستانی دەوڵەتیش هەڕەشەیان کرد کە "گەروی هورموز بەڕووی هەموو کەشتیەکان دادەخەن".

هەروەها ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند: وڵاتەکەی دەستیکردووە بە کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنی ناوەکی، و لەمەودوا یورانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس نافرۆشێت، ٦٠ رۆژیش دیاری دەکەین بۆ دانووستاندن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتان، ئێمە دەست بە شەڕ ناکەین، بەڵام خۆشمان بەدەستەوە نادەین و پیتاندنی یۆرانیۆمیش زیاتر دەکەین.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا لە فەرمانێکیدا قەدەغەیکرد کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە یورانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس لە ئێران بکڕێت.

ئەم هەڕەشەیەی ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە و دوای ڕۆژێک وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکیان بە واژۆی فیدریکا مۆگرینی بڵاو کردەوە و ڕایانگەیند، کە ئەو هەڕەشەیە و ئەو مۆڵەتەی ئێران دایناوە قبوڵ ناکەن و داوایان لە ئێران کرد، کە پابەند بێت بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی "بەرجام".

دوابەدوای ئەم هەڕەشانە، ئاشکرابوو کە کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا لە ناوەندی دەزگای 'سی ئای ئەی'، کۆبوونەوەیەکیان کردووە، کە پەیوەندیی بە هەڕەشەکانی ئێرانەوە هەیە، هەردوای ئەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، کە دواتر ئاشکرابوو بابەتی کۆبوونەوەکە هەڕەشەکانی ئێران و هێزە گرێدراوەکانی بووە لە ناوچەکە.

ئەمریکا فشارەکانی لەسەر ئێران زیاترکرد وئەمجارە پیشەسازی کانزاکانی ئێران کە پێشەسازی پۆڵا، ئاسن، ئەلەمینیوم و مس لەخۆ دەگرێت خستە لیستی گەمرۆکانەوە.

دوای ئەوە هەروەک پێشتر هەڕەشەیکردبوو، کەشتی فڕۆکەهەڵگر و جەنگی "یو ئێس ئێس ئابراهام لینکێن" و ژمارەیەک بۆمبهاوێژی ڕەوانەی ناوچەکە کرد، هەر دوای ئەوە چوار فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52ی ڕەوانەی کەنداو کرد، شەوی ڕابردووش ئاشکرا بوو کە کەشتیەکی جەنگی دیکە و سیستمی مووشەکی پاتریوتی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

هەروەها ٧ی ئەم مانگە، ڕۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ-ی ئەمریکی، ئاماژەی بەوە دابوو، کە هەفتەی ڕابردوو هەندێک زانیاریی دەستکەوتووە لەسەر جموجوڵەکانی ئەمریکا دژی ئێران و بەو پێیە ڕوونبووەتەوە، کە ئێران بەرنامەی داڕشتووە بۆ هێرش کردنەسەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا، هەروەها هەماهەنگیی کردووە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی بۆ چەند هێرشێک لە گەروی باب ئەلمەندەب، ئاشکراشیکردبوو، کە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی کەنداو هێرشەکانی بکات.

بەسەر هەموو ئەو جموجۆڵە سەربازیانەی ئەمریکاوە، ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی سی ‌ئێن ‌ئێن بڵاوی کردووەتەوە، کە کۆشکی سپی ژمارە تەلەفۆنێکی لای باڵیوزخانەی سویسرا لە ئێران 'کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەپارێزیت' داناوە، کە ئەگەر ڕێبەرانی ئێران ویستیان دەتوانن پەیوەندی بە دوناڵد ترامپەوە بکەن، کاربەدەستانی کۆشکی سپی ڕاشیانگەیاندووە، کە "سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەم کارەی ڕاستگوویانە ئەنجامداوە".

لەسەر دانانی ژمارە بۆ پەیوەندیکردن لە تاران، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئیران هیچ وەڵام و ڕوونکردنەوەیەکیان نەبووە.

س.ح