ئەمنستی: ٢٠١٩ ساڵی سەرکوتی توندی ئازادیی ڕادەربڕین بوو

ئەمنستی ئیترناشنال لە ڕاپۆرتێکدا ساڵی ٢٠١٩ی لە ئێران بە ساڵی سەرکوتی توندی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە وەسف کرد.


ئەمڕۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی "ئەمنستی ئینترناشنال"، بە ئاماژەدان بە کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لە پایزی ساڵی ڕابردووی ئێران، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەمنستی ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران داوە و هاتووە: بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، لە خۆپیشاندانەکانی پایزی ٢٠١٩ـدا، زیاتر لە ٣٠٠ کەس کە ژمارەیەک منداڵێشیان تێدایە کوژراون، هەزاران کەس بە شێوەی دەرەوەی یاسا دەستگیرکراون یان بێسەروشوێن بوون و لەگەڵ هەندێک لە دەستگیرکراوەکان هەڵسوکەوتی بێبەزەییانە و نامرۆڤانە کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و سووکایەتی کراونەتەوە.

هەروەها هاتووە: بە لانیکەمەوە ٢٤٠ کەس لە پارێزوانانی مافەکانی مرۆڤ، پارێزەران، چالاکوانانی مافی کرێکاران، ژینگەپارێزان، چالاکوانانی مافی کەمینەکان و مافی ژنان و چالاکوانانی دژی سزای لەسێدارەدان دەستگیرکراون.

لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەی ئەمنستیدا ئاماژە بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەروەها ڕخنەگرانی سیاسی کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم  بابەتانە و هەڵاواردن دژی ژنان لە بازنەکانی هاوسەرگیری، دامەزراندن، وەرگرتنی میرات و دانانیان لە پۆستە سیاسییەکان بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە نکۆڵیکردنی کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەت لەسەر چارەنووس یان شوێنی بەخاکسپاردنی هەزاران دژبەری سیاسی کە دوابەدوای لەسێدارەدانە شاراوەکانی هاوینی ١٩٨٨ـدا بێسەروشوێن بوون، ئەو کارەی بە "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملی" ناوناوە و وەک تاوانی دژی مرۆڤ ناساندوویەتی، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە زۆرێک لەو بەرپرسانە کە ڕۆڵیان هەبووە لەو تاوانە، هێشتا لە پۆستە گرنگ و کاریگەرەکان ماونەتەوە.

س.ح