ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەی ئاگربەستی لیبیای پەسەندکرد

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١٤ دەنگی بەڵێ و یەک دەنگی بێلایەن ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاگربەستی هەمیشەیی لیبیای پەسەندکرد.


ئەمڕۆ بە ١٤ دەنگی بەڵێ ئەندامانی هەمیشەیی و ناهەمیشەیی و یەک دەنگی بێلایەن لەلایەن ڕوسیاوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاگربەستی هەمیشەیی لیبیای پەسەندکرد، کە لەلایان بەریتانیاوە ئامادەکرابوو.

لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا، داوا لە هەموو ئەندامان کراوە کە پابەند بن بە بڕیارنامەی قەدەغەی ناردنی چەک بۆ لیبیا، کە ساڵی ٢٠١١ پەسەندکراوە، هەروەها داوا لە هەموو وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی بەرلین (کە لەسەر لیبیا بەڕێوەچوو) کراوە تا دەستێوەردانی شەڕی لیبیا و کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە نەکەن.

بڕیارنامەکە داوا لە یەکێتی ئەفریقا، یەکێتی عەرەب و یەکێتی ئەوروپا کردووە، چۆنییەتی پشتیوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەوڵدانەکانی و چاودێریی ئاگربەست لە لیبیا تاوتوێ بکەن.

هەروەها، داواکراوە دانوستانەکان لە چوارچێوەی کۆمیتەی چاودێریی هاوبەشی سەربازیی ٥+٥ بەردەوام بێت، کە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو بە ئامادەبوونی دوو لایەنی دژبەر لە لیبیا بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی کە مکانیزمی چاودێریی، جیاکردنەوەی هێزەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ دروستکردنی باوەڕی لە نێوان لایەنەکان لەخۆ دەگرێت.

ئەنجومەنی ئاسایش هەروەها شەوی ١١ی ئەم مانگە بە ١٤ دەنگی بەڵێ، ڕەشنووسی بڕیارنامەی بەردەوامبوونی قەدەغەی ناردنی چەک بۆ لیبیا و ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە نەوت، قەدەغەی گەشت و بلۆکەکردنی داراییەکانی لیبیای تا ٣٠ی ٤ی ٢٠٢١ پەسەندکرد، کە بە هاوبەشی لەلایەن ئەڵمانیا و بەریتانیاوە پێشکەش کرابوو.

ئەم بڕیارنامەیە بە تەواوەتی دژی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکە لە لیبیا، کە بە واژۆکردنی پەیمانێک لەگەڵ دەوڵەتی هاوپەیمانی لە تەرابلوس بە سەرکردایەتی فایز سەراج، چەک و چەتە و سەربازەکانی ڕەوانەی لیبیا دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە لە بواری نەوت و غازی سروشتی ڕێککەوتنیان کردووە، چونکە بڕیارنامەکە داوا لە پسپۆرەکانی کردووە تا لەسەر هەر چەشنە هاوردەکردنی نایاسایی بۆ لیبیا و هەناردەکردنی نایاسایی نەوت و غاز لە لیبیاوە ڕاپۆرتی پێبدەن.

ش.ف