ئەنجومەنی نەتەوەیی فەرەنسا داگیرکاریی تورک شەرمەزار دەکات

ئەنجومەنی نەتەوەیی فەرەنسا بە تێکڕای دەنگ پێشنێارنامەیەکی لەسەر شەرمەزارکردنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک پەسەند کرد.


دوێنێ ئەنجومەنی نەتەوەیی فەرەنسا کە یەکێکە لە دەسەڵاتە گرنگەکانی ئەو وڵاتە، پێشنیارنامەیەکی لەسەر شەرمەزارکردنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک کە لەلایەن 'ماریللا دسارنەز' سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە پێشنیار کرابوو، بە پشتیوانی پەرلەمانتاران و تێکڕای دەنگ پەسەند کرد.

ماریا دسارنەز پێش دەنگدان لەسەر پێشنیارەکە قسەیکرد و وتی: "هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی توند شەرمەزار دەکەین"، دسارنەز هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بانگەوازیی کرد.

لە پێشنیارنامەکەدا تێکۆشانی بێوێنەی قەسەدە لەدژی چەتەکانی داعش، بەبیر خراوەتەوە و پشتیوانی بێکۆتایی بۆ قەسەدە دووبارە کراوەتەوە.

هەروەها تاوانە دژە مرۆڤانەکانی چەتەکانی سوپای تورک کە لەو هێرشە داگیرکارییەدا ئەنجامیان داوە خراونەتەڕوو.

ماریللا دسارنەز دوای دەنگدان لەسەر پێشنیارەکە دیسان قسەی کرد و وتی: ئەو شەرمەزارکردنەی کە ئەمڕۆ بە یەک دەنگ کردمان، پێویستە ببێتە "چالاکیی بەبڕیار" و پێویستە فەرەنسا و ئەوروپا ڕوانگە و چالاکییە سەربەخۆکانیان دەستوبرد دیاری بکەن.

نوێنەرانی پارتەکانی ئەنجومەنیش دوای شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی توند، داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کرد کە لە ئاست ئەو داگیرکارییانەدا بێدەنگ نەمینێت.

ژان ئیڤ لدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پشتیوانیی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نەتەوەیی کرد و وتی: "لەم دۆخە ستراتیژییەدا پێویستە ئەورپا هەنگاوێکی جددی بنێت".

ک.س