بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجامبدات لەبارەی پرسی لێشاوی کۆچبەران، بە تایبەت لە سنورەکانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی داخراو بەڕێوەببات، لەسەر ئەو لێشاوە کۆچبەرییەی تایبەت لە سنورەکانی پۆڵەندا و بیلاڕووسیا ڕوودەدات.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای هەریەک لەوڵاتانی فەرەنسا، ئێرلەندا و ئستۆنیا بەڕێوەدەچێت.
لێشاوی کۆچبەران ئیدی تەنیا لە چوارچێوەی مرۆیی نەماوەتەوە، بەڵکو چووەتە کێشەیەکی سیاسی و دیبلۆماسی لەنێوان وڵاتانی ‘بیلاڕووسیا و پۆڵەندا، ‘ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بیلاڕووسیا’.
لەسەر ئەو پڕسە، ڕووسیا پشتیوانی خۆی بۆ بیلاروسیا دووپات دەکاتەوە، لەهەمانکاتیشدا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا پشتیوانی هەڵوێستەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر لۆکاشینکۆ دەردەبڕن و پێیان وایە، بیلاڕووسیا پرسی کۆچبەران بەکاردەهێنێت، بۆیە دژایەتی خۆیان بۆ ئەو سیاسەتە دەربڕیوە.
دەوترێت، ئەو لێشاوەی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕووسیا زۆرینەیان عێراقی و خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا” دۆسیەی کۆچبەران زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێم، چونکە بەشێک لەو گەنجانەی دۆسیە پێشکەش دەکەن وتویانە، ‘من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم’ بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پەدەکە بەزۆر دەماننێرێت بۆ شەڕ دژی پەکەکە”.
بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییانەی لەبارەی ژمارەی کۆچبەرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار کۆچبەر’زۆرینەیان کوردن’ لە سنوری پۆڵەندا لە دۆخێکی مرۆیی سەختدان، پۆڵەنداش ١٢ هەزار سەربازی لەسەر سنورەکانی بڵاوەپێکردووە و بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵات بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە تێپەڕبوونی کۆچبەران نادات.
ب.ب