ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال ٢ بڕیاری گرنگی دا

ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال لێژنەیەکی دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی شەنگال لە دەستوری عێراق بگەیەنێت بە لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها ئەنجوومەن بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای تورکیشی دا  وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال.


ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، سەبارەت بە پێشهاتەکانی عێراق و مافی هاوڵاتیانی شەنگال لە دەستوری عێراق و هیرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە لە کۆمەڵگای دوگرێ-ی سەربە شەنگال بەئامادەبوونی بەڕێوەبەران و دامەزراوەکانی شەنگال، کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی هەرێمەکە بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکەش، قاسم خەلەف هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی بە ڕاگەیەندراوێک بڵاوکردەوە.

قاسم خەلەف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گەلانی عێراق ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان داوای مافی خۆیان دەکەن، سیاسەتی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەو ڕووداوانە لاوازە و وتیشی: هەندێک کەس دەیانەوێت سوود لەو ڕووداوانە وەربگرن و ڕەخنە لە حکومەت بگرن.

خەلەف داوای لە حکومەت کرد مافەکانی گەل دابین بکات، خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات، تاکو خەڵک لە جێگای خۆی کۆچبەر نەبێت.

قاسم خەلەف هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆسەر شەنگال ئیدانەکرد و بانگەوازی لە حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، لە دژی ئەو هێرشانە هەڵوێستیان هەبیت و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال باسی لەوەشکرد، لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، ٢ بڕیاری گرنگیان داوە، کە بەمشێوەیەیە:

١-ماوەیەکی درێژە لە عیراق خۆپیشاندانە و داوادەکرێت دەستوری بنەڕەتی عێراق بگۆڕدرێت، لەم چوارچیوەیەش ئامادەکاری دەکرێت، ئێمەش وەکو خەڵکی شەنگال بۆ ئەوەی مافی کۆمەڵگای ئێزدی لە دەستوری بنەڕەتی عێراقدا جێگا بگرێت، بڕیاری درووستکردنی لێژنەیەک دراوە، ئەو لێژنەیە سەردانی جێگای پەیوەندیدار دەکات و داواکارییەکان پێشکەش دەکات.

٢-لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەرشەنگال، وەک هەڵوێستی کۆمەڵگای ئێزدی، ئێمە لە شەنگال دەست بە بایکۆتکردنی کاڵاو شتومەکی تورکی دەکەین، بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەم بڕیارە ئاگاداربێت کۆمیتەیەک پێکهێنراوە بۆئەوەی لەناو خەڵکدا بگەڕێت.

ب.ش