ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دژی بڕیارێکی  ڕێبوار تاڵەبانیین

ڕاسپاردنی عیرفان كەركوكلی لەلایەن ڕێبوار تاڵەبانییەوە، بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک، ناڕەزایەتیی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەوان دەڵێن: ماوەی ساڵێکە سەرۆکی ئەنجومەن بەبێ هیچ پاساوێک دەوامی نەکردووە، بۆیە ڕاسپاردنی کەسێک بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی نایاساییە.


ڕۆژی ٤-ی ئۆکتۆبه‌ر، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، عیرفان كەركوكلی، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی سەرۆكایەتی ئەنجومەن ده‌ست نیشانکرد.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگا، ئاساییە سەرۆكی ئەنجومەن ئەندامێكی ئەنجومەنەكە ڕاسپێرێت، تا سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكان بكات، بەڵام دەبێت پاساوی هەبێت، بە نموونە وەک حاڵەتی نەخۆشكەوتنی سەرۆكی ئەنجومەن، یاخود ئەنجامدانی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات، به‌ڵام به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ناڕازن له‌و بڕیاره‌ و پێیان وایه‌، ڕاسپاردنی کەسێک بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن نایاساییە.

خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە كوتلەی عەرەبی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەن ماوەی ساڵێک بێ هیچ هۆكارێك دەوامی نەكردووە و شوێنەکەی بە بۆشایی ماوەتەوە، هەروەها كەسێكی ڕاسپاردووە تا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بەڕێوەببات، كە بە هەمان شێوە نەهاتووەتەوە كەركوك و دەوامی نەكردووە، بۆیە ئەمە لە ڕووی یاساییەوە كارێكی گونجاو نییە و دژە یاسایە.

هەروەها، ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی برایەتی كەركوك، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەنجومەنی بە "گاڵتە ئامێز" ناوبرد، ئەوەشی خستەڕوو: هەوڵدەدین كە لەسەر هەمان لیستی یەكگرتوو كاندیدێك بۆ ئەو پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن دیاری بكەین، ئەگەر بێتو ئەو ئەندامەی ئەنجومەن لەسەر لیستی یەكگرتوو دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، ئەوا پۆستەکە بۆ هەمان حزب یەكلایی دەبێتەوە.

کوتلەی توركمانیش نیگەرانیی خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبڕن و پێیوانوایە، کە سەرۆکی ئەنجومەن مافی ڕاسپاردنی کەسێکی نییە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی، لەوبارەیەوە مەجید عیزەت، ئەندامی کوتلەی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە ماوەی یەك ساڵە دەوامی ئاسایی خۆی نەكردووە و نەگەڕاتەوە كەركوك، مافی ئەوەی نییە كەسێك بە بریكارنامە ڕاسپێرێت.

لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە ناڕازییانەدا،  عیرفان كەركوكلی، بە ڕۆژنیوزی وت: من ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكم و ئەو مافەم هەیە كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بكەم، ئەو ئەندامانەی كە لە بڕیارەكە ناڕازین، هەڵوێستی کەسیی خۆیانە، نەك ئەو لیستانەی كە تیایدا ئەندامن.

هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕەزامەندی لەسەر ڕاسپاردنی عیرفان کەرکوکلی دەرنەبڕیوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگا، پێویستە لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگادا، بەزۆرینەی دەنگ ئەنجومەن ڕەزامەندیی لەسەر ڕاسپاردنی کەسێک لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی دەرببڕێت، ئێستاش پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نیسابی یاسایی دانیشتنەکەی تەواو بکات و لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەزامەندی لەوبارەیەوە پیشان بدات.

لەدوای  ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکەش بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانەوە، کرایە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی و تیایدا گفتوگۆ لەسەر ڕێکخسنتەوەی ئەنجومەنەکە کرا، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە.

ب.ل/س