ئەوروپا دژی ئێران 'میکانیزمی پەلەپیتکە' چالاک دەکاتەوە

بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، یەکێتی ئەوروپا دژی ئێران مکانیزمی "پەلەپیتکە" چالاک دەکاتەوە کە لە ڕێککەوتنەکە پێشبینی بۆ کراوە.


بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا یەکێتی ئەوروپایان ئاگادار کردووەتەوە، کە دژی پێشێلکارییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، مکانیزمی پەلەپیتکە چالاک دەکەنەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری چالاککردنەوەی ئەم مکانیزمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێنج هەنگاوەی ئێران داناوە بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئامانجی چالاککردنەوەی مکانیزمی پەلەپیتکە، دانوستان لەگەڵ ئێران و هەوڵدان بۆ ڕازی کردنی ئەو وڵاتەیە بۆ گەڕانەوە لە بڕیارەکانی لە پێشلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەگەر هەر یەک لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە لەسەر یەکێکی دیکەیان سکاڵا تۆمار بکات، سکاڵاکە تاوتوێ دەکرێت و لە کۆتاییدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، کە دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆسەر ئێران.

مکانیزمی "پەلەپیتکە" بەشێکە لەو ڕێککەوتنەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ (واتا؛ ئەمریکا، سێ وڵاتی ئەوروپی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ ڕوسیا و چین)، ساڵی ٢٠١٥ واژۆی کرد، بەپێی ئەو مکانیزمە ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنەکە پێشل بکات، ئەوا وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنەکە دژی ئێران سکاڵا دەبەنە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایشیش بێ ئەوەی هیچکام لە ئەندامانی سەرەکیی ڕێگەی ڤیتۆ کردنیان هەبێت پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەربکات، ئەگەر لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا بڕیارنامە نەدرێت، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دژی ئێران کارا دەکرێنەوە.

ش.ف