ئەوروپا سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلای کرد بە سەرۆک کۆمار

پەرلەمانی ئەوروپا بە بڕیارنامەیەک بە کۆی دەنگ، خوان گوایدۆی سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلای وەک سەرۆک کۆماری کاتیی وڵاتی ڤەنزوێلا ناسی، لە بڕیارنامەکە داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کراوە، کە هەرکامیان بە جیا خوان گوایدۆ بە فەرمی بناسن وەک سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا.


ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی ئەوروپا بە بڕیارنامەیەک خوان گوایدۆ سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلایان، کە خۆی بە سەرۆک کۆمار ناساندووە، بە کۆی دەنگ وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە فەرمی ناسی و داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپاش کرد، کە هەر وڵاتێک بە جیا خوان گوایدۆ بە فەرمی وەک سەرۆک کۆماری وڵاتی ڤەنزوێلا بناسن. 

جێگای ئاماژەیە پێشتریش کۆنسەی ئەوروپا پشتیوانی خۆی لە گوایدۆ ڕاگەیاندبوو، هەروەها وڵاتانی دیکشە لە ناویاندا ئەمریکا، خوان گوایدۆ-یان بە سەرۆک کۆمار ناسیوە و پشتیوانی خۆیانیان بۆ ڕاگەیاندووە. 

دوای خۆپیشاندانێکی فراوان لە وڵاتی ڤەنزوێلا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا، سەرۆکی پەرلەمان خۆی وەکو سەرۆک کۆمار ناساند و دوای ئەوەش چەند وڵاتێک پشتگیرییان کرد، لە سەرویانەوە ئەمریکا، بەڵام بەشێک لە وڵاتانی جیهان لەوانەش ڕووسیا، ئەوەیان بە کودەتا ناوبرد و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆک کۆماریان بە سەرۆکی شەرعی وڵات زانی.

ڤەنزوێلا لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدایە و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی کردوە.


ک.ک