ئەوروپا لە دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكانی سەر ئێران نیگەرانە

یه‌كێتیی ئه‌وروپا نیگه‌رانه‌ لە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، بەرگریش لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكات و ده‌ڵێت: له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران بنه‌مای داماڵێنی جیهان له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی جێگیركراوه‌.


لەكاتێكدا بڕیارە دووشەممە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستپێبكات، فێدێریکا مۆگێرینی، بەرپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و نیگەرانن لە بڕیاری ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكانی سەر ئێران.

له ‌ڕاگه‌یه‌ندراوە هاوبه‌شەكەدا، یەكێتیی ئەوروپا و ئەو وڵاتانە چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ئێران هەیە پابه‌ندبێت به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئەتۆمییەكەوە، جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بنه‌مای داماڵینی جیهان له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ ڕێككه‌وتنەكەدا داندراوه‌ و بەردەوامبوونی ڕێككەوتنەكە بە زۆر گرنگ بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئه‌ورووپا و هه‌موو جیهان وەسفكراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكە، ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌نجامی هه‌بووه‌، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمییش له‌ ١٢ ڕاپۆرتی جیاوازدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، كه‌ ئێران پابه‌ندبووه‌ به‌ به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كەوە‌.

دوێنێ شەو ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بڵاویكردەوە، کە سەرجەم ئەو سزایانەی پێشتر بەهۆی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، دووبارە گەڕێندراونەتەوە، دووشەممەش قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستپێدەكات، كە بوارەكانی وزە، بازرگانی، دارایی و چەند بوارێكی دیكە دەگرێتەوە.

بەوتەی ستیڤان منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران و دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكان،  ٧٠٠ کەسایەتی و کۆمپانیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە، كە ٣٠٠ كەسایەتی و كۆمپانیا قۆناغی دووەمی سزاكان دەیانگرێتەوە، ٤٠٠ كەسایەتی و كۆمپانیاش پێشتر سزادرابوون و دوای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە سزاكانیان لەسەر هەڵگیرابوو.

د.ع