ئەوروپا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانە کران

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان وگۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان، لە چەندین شارى وڵاتانی ئەوروپا چالاکیی ئەنجامدرا.


لەشارەکانی کۆڵن و دۆرتمۆندی ئەڵمانیا وشاری کێرتێلی سەربە پاریسی فەرانسا وستۆکهۆڵم-ی ولاتی سوید هێرشەکانی دەولەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان وگۆشەگیری سەرعەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان، چالاکى ئەنجانمدرا.

دوێنێى لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا لە کاتژمێر ٥:٠٠ ى ئێوارە، لەناوەندی ئەوشارە میتینگێک بەڕێوە چوو، لە چالاکییەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرا، لەسەرناوی پەیەدە و کۆمەڵەی ئەحمەدی خانی  پەیامێک خوێندرایەوە، هەروەها لەچالاکییەکەدا گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، شەرمەزارکرا.

کۆڵن

لەشاری کۆڵن-ی ئەڵمانیا بە بەشداری سەدان هاوڵاتى کورد و دۆستەکانیان، هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزارکرا، لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە بەرزکرابوونەوە.

لەشاری سێرتێلی سەربە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە دەسپێشخەری ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بۆ شەرمەزارکردنى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆسەر ڕۆژئاواى کوردستان و گۆشەگیر سەر عەبدوڵا ئۆجالان، چادرێک هەڵدرا، چالاکییەکە لە ناوەندی شارەکە بەڕێوەچوو و دەربارەی هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، نووسراوە بڵاوکرایەوە.

ستۆکهۆلم

لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی وڵاتى سوید بە بۆنەی ١ی تەشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی کوبانی، چالاکییەک ئەنجامدرا، لە چالاکییەکەدا سەرکەوتن بەسەرداعشدا پیرۆزکرا وخۆپیشاندەران پشتگیری خۆیان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.

چالاکییەکە لەسەربانگەوازی کۆمیتەی ڕۆژئاوا، گەنجانی چەپی سەربە ڕێکخستنی پارتی چەپ، سەندیکای ناوەندی کرێکارانی سوید و یەکیەتی ژنانی سارا بەڕێوەچوو.

 لە چالاکییەکەدا بەشداربوان جارێکی دیکە پشتیوانی خۆیان بۆ شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردوەوە و هاوکات هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانەکرد، بەشداربووان داوایان لە وڵاتان کرد، کە لە بەرامبەرهێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگی بشکێنن.

نەمسا

هاوڵاتیانى کورد لەگەڵ دۆستەکانیاندا لە گیس پلاتز لە شاری گراتزی نەمسا، گردبوونەوەیان ئەنجامدا و بەرەوە گۆڕەپانی هاوپ پلاتز لە ناوەندی ئەو شارە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پشتیوانیی دەوڵەتەکانی ئەوروپا بۆ ڕژێمی ئەردۆغان ئیدانە کران.

خالیس سەڤەر، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای ئازاد، لە چالاکییەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کە دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد ئەنجامی دەدات بێدەنگ نابن،کورد بەهاکانی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر چەتەکاندا دەپارێزێت، بەڵام سەودا و مامەڵەیەکی نوێ لە دژی کورد ئەنجام دەدرێت و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.

هەروەها وتشى: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامیی سیاسەتەکانیەتی بۆ دژایەتیکردنی کردنی کورد و هیچ جیاواز نییە لەو گۆشەگیرییە، کە بەسەر عەبدوڵا ئۆجان ڕێبەری گەلی کورد- دا سەپاندویەتی، بۆیە تاوەکو ڕێبەر ئۆجالان و کوردستان ئازاد نەبن، درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین.

د.ع