پێنجشەممە, 16 أبر 2020 – 09:20 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی جیهانیی، لەکاتی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ، دوو ملیۆن و ٨٣ هەزار و ٦٠٧ کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ١٣٤ هەزارو ٦٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوەو ٥١٠ هەزارو ٦٦٦ کەسیش چاکبوونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، بەمزووانە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و قەدەغەی هاتووچۆی لەسەر هەڵدەگیرێت، کە ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە داخراون.
ترامپ دووپاتیکردەوە، لە مڕۆوە وەک یەکەم هەنگاو دەست دەکەن بە دەستپێکردنەوەی جوڵەی ئابووریی وڵات و ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی توشبووانی وڵاتەکەی بە ڤایرۆسەکە کەمیان کردووە.
تا بەیانی ئەمڕۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆی ٦٨٩ هەزار توشبووی کۆرۆنا، ٣٠ هەزارو ٤٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٨ هەزارو ٧٠٨ کەسیش چاک بوونەتەوە، بە تەنها دوێنێش دوو هەزار و ٤٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە کە ئەو وڵاتە تۆماری کردووە.
لە ئەوروپاش ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ قۆناغ بە قۆناغ سووک کراون، سویسرا ئەمڕۆ پلانەکانی لەوبارەیەوە ئاشكرا دەکات و پۆڵەنداش باسی لەوەکرد، لە چەند شوێنێک ڕێگە بە هاتووچۆو کردنەوەی شوێنە بازرگانیەکان دەدرێت، هەروەها بەمزووانەش چەند شوێنێکی بازرگانی دەرگایان بەڕووی لیتوانیادا دەکەنەوە.
ئەڵمانیاش دەڵێت، بەمزووانە بەشێک لە شوێنە بازرگانیەکان دەکرێنەوە و ٤ی مانگی داهاتووش دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکاتەوە.
لە دانیمارکیش لە دوێنێوە نیوەی خوێندنگاکان کراونەتەوە کە بۆماوەی مانگێک داخرابوون، لە نەمساش دوکان و شوێنە بچووکەکان لە ڕۆژی سێشەمممەوە کراونەتەوە، ئیتاڵیاش کە دووەم وڵاتە تا ئێستا لەڕووی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکەوە، چەند دوکان و شوێنێک لە شارەکان کرانەوە.
حکومەتی ئیسپانیاش دەستیکردووە بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ قۆناغ بە قۆناغ و بڕیارە ٢٥ی ئەم مانگەش لەگەڵ چەند ڕێکارێکی سووکدا قەدەغەی هاتووچۆ بە تەواوی هەڵگرێت.
بەریتانیاش ڕایگەیاند لەمڕۆوە ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ سوک دەکات دۆخەکە بەرە بەرە ئاساییدەکاتەوە.
لە فەرەنسا دۆخەکە هێشتا سەختە بۆ خەڵکی، بەڵام وردە وردە پلانی هەیە لە ١١ی مانگی داهاتوەوە ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ سووک بکات، بەوپێیەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بەراورد بە سەرەتاو ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو زۆر کەمیان کردووە.
بە تەنها لە ئەوروپاش لە کۆی ٩٧٠ هەزارو ٧٥٨ توشبوو، تا ئێستا ٨٨ هەزارو ٣١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ش.ف