ئەوروپییەکان هۆشدارییان داوەتە ئێران کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێنەوە

ئەوروپییەکان هۆشدارییان داوەتە ئێران کە ئەگەر هەنگاوێکی دیکە لە کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەمبکاتەوە، ئەوان لە ڕێککەوتنەکە دەکشێنەوە. 


ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، کە لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەوروپییەکان ئێرانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر هەنگاوێکی دیکە لە کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام" هەڵگرێت، وڵاتانی ئەوروپی-یش لە ڕێککەوتنەکە دەکشێنەوە.

دەوڵەتی ئێران تا ئێستا سێ هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١، هەڵگرتووە، چونکە پێی وایە وڵاتە ئەوروپییەکانی ناو ڕێککەوتننەکە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکەن.

ڕۆژنامەی گاردیان نووسیویەتی: ئەو هۆشدارییەی بە ئێران دراوە پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کراوە و ڕۆژی چوارشەمە بە کاربەدەستانی ئێران ڕاگەیەندراوە.

سێ وڵاتی فەرەنسا، ئاڵمانیا و بەریتانیا کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەشدارن، لە نیویویۆرک بە ڕاگەیندراوێکی هاوبەش ئێرانیان تۆمەتبارکرد بە هێرش کردنەسەر پاڵاوگەکانی سعودیە و داوایان لە ئێران کرد کە پابەند بێت بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام".

جێگای ئاماژەیە کە هەر دوێنێ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکی خۆیدا، ڕایگەیاند: "قسەی ئەوروپییەکان پوچەڵە و نابێت چێتر هیوایان پێی ببەسترێت، ئەمریکا و ئەوروپا وەک دوژمن و شەیتانن".

د.ع