ئەگەری دورخستنەوەی ترامپ لە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەیە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەند کرد، کە تێیدا ڕێگا دەدات بە ئامانجی لێکۆڵینەوەی فەرمی لە دۆناڵد ترامپ، ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساغبێتەوە، "ئەگەر هەیە بە دەنگدانێکی دیکە ترامپ دوردەخرێتەوە".


درەنگانی شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەندکرد تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا لێکۆڵینەوەکان لەترامپ ئەنجام ‌بدرێن، لە بارەی ئەوەی ئایا سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە یان نا.

بڕیارەکە بە دەنگی ٢٣٢ بەڵێ بە ١٩٦ نەخێر پەسەندکرا، بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا کە ڕۆیتەرز سەرچاوەکەیەتی، "ئەگەر بێت و ئەو لێکۆڵینەوانە بگەنە ئەو ئەنجامەی ترامپ کاری نایاسایی کردووە، ئەوا ئەگەری هەیە لە دەنگدانێکی دیکەی ئەنجومەنەکەدا متمانەی لێبسەندرێتەوە".

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند: بەم بڕیارە کۆمیتەی هەواڵگری سەر بە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت لێکۆڵینەوە و دانیشتنەکانی لەم بارەیەوە بە ئاشکرایی ئەنجام بدات، تاوەکو خەڵکی بە چاوی خۆیان ڕاستیـیەکان ببینن، ئەمەریکییەکان بەمە دەتوانن گوێبیستبن چۆن سەرۆک دەسەڵاتەکانی خۆی ڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە."

هەروەها ترامپ لە تویتەر نووسیویەتی ئەمە" گەورەترین تاوانبارکردنی ناڕەوایە لە مێژووی ئەمەریکادا."

کۆشکی سپـیش ڕایگەیاند: ئەمە هەوڵێکی ناڕەوای دیموکراتەکانە بۆ لابردنی سەرۆک لە دەسەڵات.

ئەمە لەکاتێکدایە، ٢٥ی مانگی ٧ی ئەمساڵ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ترامپ و  ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجام درا، ترامپ بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە لە پەیوەندییەکەدا داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کارەکانی جۆ بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا و کوڕەکەی بکات، کە لە ئۆکرانیا پڕۆژەی بازرگانی گەورەیان هەیە.

س.ح