لە ویلایەتی بایەرنی ئەلمانیا دادگای باڵا بڕیارێکی نوێی دەرکرد و ڕایگەیاند: بەرزکردنەوە ئاڵاکانی یەپەژە و یەپەگە چیتر تاوان نیە.
لە دانیشتنی داداگایی هاوڵاتیەکی کورد بە ناوی کەمال گوکتەپەدا کە بە هۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای یەپەژە سزای مادی بەسەردا سەپێنرابوو، دادگای باڵای ئەو ویلایەتە بڕیاریدا لە سەرتاسەری ئەلمانیا ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە چیتر قەدەغە و نایاسایی نین.
دادگا ‘داوای قەدەغەکردنی’ بە جدی نەگرت
داواکاری گشتی مونیخ لە دژی دۆسیەکە کە داوا دەکرا بە سزای مادی کۆتایی پێبێت، دۆسیەکەی رەوانەی دادگای تەمیز کرد. دادگای باڵای ویلایەتی بایەرن لەسەر ئەو داوایە بڕیارێکی مێژووی لە بارەی ئەو کەسانەدا کە نەک تەنها لەو ویلایەتە، بەڵکو لە سەرتاسەری ئەلمانیا پشتیوانی لە خۆڕاگری رۆژئاوا و تێکۆشانی ئازادی کورد دەکەن.
لیژنەی دادگا کە هەموو بیانووەکانی داواکاری گشتی مونیخی ڕەتکردەوە، بڕیاری خۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند چیتر بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە تاوان نیە، دادگا ڕاشیگەیاند، یەپەژە ڕێکخستنێکی سەر بە پەکەکە نییە، هاوکات لە ڕووداوەکەدا کە ئاڵای یەپەژەی تێدا بەرز کراوەتەوە، پرۆپاگەندە بۆ پەکەکە نەکراوە، بەڵکو پشتیوانی بۆ هەرێمەکانی باکوری سوریا کراوە.
سیاسەتی دوژمنانی کورد گورزێکی بەرکەوت
ویلایەتی بایەرن کە لە لایەن یەکێتی سۆسیالی کرستیانی سەر بە یەکێتی دیمۆکراتەکانی کرستیان کە پارتەکەی ئەنگێلا مێرکلە، بەڕێوە دەبرێت، بە بیانووی ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە و هاوکات پۆستەرەکانی عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، بەوە دەناسرێنەوە کە لە دژی ئەو چالاکانەن کە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادی کورد دەکەن.
هیزەکانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مونیخ بە تایبەتی لە ماوەی سێ ساڵێ ڕابردوودا، بە هۆی بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە چەندین جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتیە کوردەکان و دۆستانیان.
بەر لەو بڕیارەی دادگای باڵای ویلایەتی بایەرن، لە چوارچێوەی لێپرسینەوە لە چالاکاندا، دادگا سزای مادی بەسەر چالاکاندا دەسەپاند، لەگەڵ لێپرسینەوە و فشاری هێزەکانی ئاسایشی ئەو ویلایەتە، بەڵام پشتیوانی بۆ یەپەگە و یەپەژە و بە گشتی پشتیوانی بۆ بزوتنەوەی ئازادی کورد بەردەوامە و لە زیادبووندایە.
ب.ک