ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە شاری فرانکفورتی ئەڵمانیا، لە گردبووونەوەیەکدا بە ڕاگەیاندراوێک لێشاوی پاکتاوی سیاسیی دەسەڵاتی ئێران دژبە هاوڵاتیانی کوردیان شەرمەزارکرد.
دوێنێ ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، گردبوونەوە و بە هەڵکردنی ئاڵاکانی کۆدار و کژار و هەروەها بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدان، چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە چالاکییەکەیان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لەسێدارەدان و تۆقاندن لەناو گەلانی ئێران بەتایبەت لە کوردستان و بەلوچستان لە بێدەنگی قۆناغی کۆرۆنا توندتر بووەتەوە، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران هەرکات ویستوویەتی خەڵک چاوترسێن بکات و تۆڵەی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەل بەرامبەر خۆی بکاتەوە، کوێرانە، بێشەرمانە و دڕندانە، کوردەکان و گەلانی دیکەی کردووەتە ئامانج، لە کارنامەی ٤٢ ساڵەی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێراندا، جگە لە؛ لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، بەردباران، زیندان، بێدەنگکردن، هەژاری، گیروودەکردن بە مادەی هۆشبەر، بێکاری و گەندەڵی، بەرهەمێکی دیکە نابینرێت، لە دەستپێکی بەسەرکار هاتنی کۆماری ئیسلامی بە ڕیفراندۆمێکی نادیموکراتییانە و دوور لە ڕاستیدا، لە کوردستان گەلی کورد بە یەکدەنگ “نا”ـیان وت و ڕیفراندۆمیان بایکۆت کرد.
هەروەها هاتووە: لەم هەموو ساڵەدا و بە سەپاندنی ئەم سیستمە کۆنەپەرێست و نەزانەدا، هیچکات ئەم دەسەڵاتە سەربازییە، ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، هیچ ڕەوایەتییەکی لە کوردستاندا بەدەست نەهێناوە، دەسەڵاتی ئێران بە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی و ماخۆلیای بڵاوکردنەوەی شیعەگەری لە جیهان، دەستگەیشتنی بە بۆمبی ئەتۆم و زاڵبوونی بەسەر ناوچەکەدا و بەفێڕۆدانی هەزاران ملیارد دۆلار لە سامانی ئەم وڵاتە، بۆ ئەم پرۆژانەی، تەنیا ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، لە کاتێکدا دەیتوانی لەجێی خەرجکردنی ئەم پارە خەیاڵیانە بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل، بیابانەکانی ئێران ئاوەدان بکاتەوە، ئەمانە لەم ٤٢ ساڵەدا، بە بێی بەرنامە و بێ هیچ زانستێک، دارستان و سروشتیان وێران کرد، سەرچاوەکانی ئاویان وشک کرد، زانست و مەعریفەیان لە گۆڕ نا، تا ڕێکخراوی پاڕانەوە بۆ ڕووداوەکان دامەزرێنن، داد و ڕاستییان لە دادگاکان لەسێدارەدا و دز و گەندەڵەکانیان لە پلەیەکی بەرزتر دانا.
لە کۆتاییش هاتووە: ڕێگرییان لە گەشتی ژنان کرد و لە چادر و چواردیوارێکدا بەندیان کرد، ئەمانە نێردەی ئاشتی و دیپلۆماسی نیین، ئەمانە نێردەی مەرگن، قاسملۆ، شەرەفکەندی، فەڕۆخزاد و سەدان تیرۆری دڕندانە، بەرهەمی باڵیۆزخانەکانیانە، ئەم ناوەندانە، بنکەی تیرۆر و سیخوڕیین، دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی و مامۆستای ڕاستەقینەی داعش، تەمەنی گرێداوە بە بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا، بە ئامانجکردنی فڕۆکەی گەشتیاری و دروستکردنی قەیران و گرژی لە ناوچەکە، هەوڵدەدات درێژە بە دەسەڵاتە قیزەونەکەی بدات، بەڵام ئەم زۆڵم و زۆردارییە گەیشتووەتە کۆتایی خۆی، بۆیە لە پەلەقاژەی مەرگدا، دەستیداوەتە دەستگیکردنی هەڕەمەکی، ئەوەی بۆ ئێمە و ئەم دەسەڵاتەش ڕوون و ئاشکرایە، ئەمەیە؛ “نە دەسەڵات دەتوانێت وەک جاران سەرکوت بکات، نەش گەلانی ئێران ئەم دیکتاتۆرییە قبوڵ دەکەن”.
ب.ک