وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە دەوڵەتی تورک کرد، خۆی بەدووربگرێت لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینیی بۆ سەر باکووری سووریا.
ئەمڕۆ ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە بوخارێست، ڕایگەیاند:”داوای بەپەلەم لە تورکیا کردووە، کە خۆی لەو ڕێوشوێنانە بەدووربگرێت، کە تووندوتیژی زیاتر پەرەپێدەدەن، بەتایبەتیش ئەگەری هێرشی زەمینیی بۆ باکووری سوریا یان کردەوەی سەربازیی لە باکووری عێراق”.
جەختیشیکردەوە، کە پێویستە کار بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زیاتر لە ١٠ ڕۆژە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینییش بۆ سەر کۆبانێ و تلتەمر دەکات.
تاوەکو ئێستا هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، چین، ڕووسیا، ئێران و سووریا دژایەتیی خۆیان بۆ هێرشی زەمینیی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕیوە.
ب.ل