ئەڵمانیا، بەهۆی چوونی ئەردۆغانەوە هەشت ملیۆن یۆرۆ زیانی کردووە

سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا زیانی ماددی و مەعنەوەیی بە دوواوە بوو، ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان دەڵێن ئەو سەردانە هەشت ملیۆن یۆرۆ زیانی بەدوواوە بووە.


چوونی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە بەرلینی پایتەخت و کۆڵنی ئەڵمانیای تێکدا، هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو سەردانەیان شەرمەزارکرد.

ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، کە بەهۆی چوونی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا تەنیا لە بەرلین و  کۆڵن ١٠ هەزار پۆلیس ئەرکدارکراون، ئەوەش حەوت بۆ هەشت ملیۆن دۆلاری بۆ دەوڵەتی ئەڵمانیا تێچووە.

لەلایەکی دیکەوە ئەو سەردانە ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیانی ئەڵمانیاشی بەدوواوە بووە، هاوڵاتیان ناڕازین، کە دەوڵەتەکەیان بەو شێوەیە پێشوازیی لە دیکتاتۆرێک کردووە، دیکتاتۆرێک کە پێشتر هەڵسوکەوتی دەوڵەت و خەڵکی ئەڵمانیای بە هەڵسوکەوتی نازییەکان شوبهاندبوو.

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئەردۆغان دوێنێ پاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەرەکەیدا سەردانەکەی بە ئەرێنی نرخاندووە و ڕایگەیاندووە، کە ئەڵمانیا و تورکیا وەکو کۆن دەبنەوە دۆستی یەکدی.

س.ح