ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ فدریکا موگرینی لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بەلجیکا دانیشتنێکی بەپەلە بەڕیوەدەبەن.


ئاژانسە ئەوروپییەکان ڕایانگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ جرمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ژان ئیو لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هایکو ماکس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەگەڵ فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلە دەکەن.

چوارشەمەی ڕابردوو حکومەتی ئێران بە ناردنی نامە بۆ ڕێبەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و یەکێتی ئەوروپا، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەو ولاتانە چارەسەرێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنەکە نەدۆزنەوە ئەوا دوای ٦٠ ڕۆژ ئێران دەست بە پیتاندنی یورانیوم لە سەروی ٢٠٪ـەوە دەکات.

هەر ئەمڕۆ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرنامەی سەفەرەکەی بۆ ڕوسیا گۆڕی و ڕووی لە بەلجیکا کردووە، تا لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئێران کۆببێتەوە..

س.ح