"ئەڵمانیا نابێت بۆ ماوەیەک چەک بفرۆشێتە تورکیا"

چەند ئەنستیتیوتێکی بەناوبانگی ئەڵمانیا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاشتی و ئاسایشەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند، کە تا ئەو کاتەی داگیرکاریی لە عەفرین بەردەوام بێت نابێت حکومەتی ئەڵمانیا چەک بفرۆشێتە تورکیا.


چەند ئەنستیتیوتێکی بەناوبانگی ئەڵمانیا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاشتی و ئاسایش وەک HSFK، BICC، INEF و IFSH ڕاپۆرتی ئاشتیی زانیارانی ساڵی ٢٠١٨یان بڵاوکردووەتەوە.

تۆڕی میدیایی دویچە ڤێلەی ئەڵمانی ڕایگەیاند، کە ئەنیستیوتە ئاشتییەکانی ئەڵمانیا لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین هەڵوێستیان پیشان داوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی سعودیە بۆسەر یەمەن و دەوڵەتی تورک بۆسەر عەفرین دراوە و ڕاگەیەندراوە، کە پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا هەستێت بە ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییەکانی بۆ پێکهێنان و پەرەپێدان بە سیاسەتە ئاشتیانەکان.

ڕاشگەیەندراوە: کە حکومەتی ئەڵمانیا  دەبوو لە بەرامبەر دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئەڵمانی لە تورکیا ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورک بگرتایە.

ئەوەش وەک هەڵوێست پیشاندراوە، کە حکومەتی ئەڵمانیا دەبێت فرۆشتنی چەک بۆ لایەنەکانی شەڕ لە یەمەن و بۆ دەوڵەتی تورک بۆ ماوەیەک بوەستێنێت.

س.ح