ئەڵمانیا، ناڕەزاییەکانی دژی ئەردۆغان زیاد دەکەن

ناڕەزاییەکان لەدژی سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەردەوامن، لەو چالاکییانەدا داوادەکرێت ئەردۆغان وەک تاوانباری شەڕ دادگایی بکرێت، نەک لەسەر فەرشی سوور پێشوازیی لێبکرێت.


دوێنێ، هاوڵاتیانی کورد و دۆستانیان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەدژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەکە بە بەشداربوونی سەدان کەس ئەنجامدرا و تێیدا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "حزبی ئێمە پەکەکەیە" و "ئەردۆغانی بکوژ"  وترایەوە.

هەروەها ئاڵای یەپەگە، یەپەژە، تەڤ-دەم بە دەستەوە گیرا و بڵاوکراوەی دژی ئەردۆغان بەسەر هاوڵاتیانی ئەڵمانیدا دابەشکرا.

لە شاری ساربروکێنی ئەڵمانیاش هەر بەو مەبەستە خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆش، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "بەخێر نەیەیت ئەردۆغان" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خپۆیشاندانی جەماوەریی ئەنجام دەدرێت.

ش.ف