ئەڵمانیا، یەکێتیی ئێزدییەکانی سوریا ڕاگەیەندرا

لە وڵاتی ئەڵمانیا یەکێتیی ئێزدییەکانی سوریا ڕاگەیەندرا و جەژنی چوارشەمە سوور-یش پیرۆزکرا.


دوای ڕاگەیاندنی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوێنێ، لە شاری زیگن-ی وڵاتی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ١٠ ڕێکخراوی ئێزدی، پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئەوروپا لە پارتی چەپی مەسیحی و ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی ئێزدی، یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا ڕاگەیاندرا، هاوکات جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەمە سوور)پیرۆز کرا.

 

لەبارەی جەژنی چوارشەمە سور-ەوە، شێخ خەلەف قادێ، ئەندامی بەڕێوەبەریی هەڤبەندیی ئێزدی سوریا بە ڕۆژنیوزی وت: بۆ ئێمەی ئێزدی ئەم ڕۆژە گرنگە، دەستپێکی ساڵێکی نوێیە، هیوامان ئەوەیە کە هەمیشە جەژنەکان ببنە هۆکاری خۆشی و ئاشتیی و یەکێتیی گەلەکەمان.

شێخ خەلەف، ئاماژەی بە دامەزراندنی چەتری یەکێتیی ئێزدییەکانی سوریا کرد و وتی:"ئێمەش لەمجەژنەدا چەترێکمان ڕاگەیاند بەناوی یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا، بۆئەوەی ئەو یەکێتییە ببێتە چەترێک بۆ هەموو ئێزدییەکان، دواتریش بۆ هەموو گەلی کورد، چونکە ئێزدی بنەچەی کوردایەتییە".

بەرەکات ڕەشو، ئەندامی هەڤبەندیی ئێزدییەکانی سوریاش وتی: بە تەبایی و ڕێککەوتن هەموو شتێک دەکرێت، ئێمەش بانگەوازیی خۆمان ئاڕاستەی میلـلەتی ئێزدی دەکەین کە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا پشتیوانی خۆیان بۆ یەکێتی ئێزدییەکان ڕابگەیەنن، دەمانەوێت ئەم ڕۆژە و ئەم یەکگرتنە ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو جیهان لەسەر ڕێککەوتن و تەبایی.

هەروەها ڕێزان یوسف، ئەندامی ماڵی ئێزدی لە شاری زیگن لە وڵاتی ئەڵمانیا، کە میوانداریی کۆبوونەوەکەیان کردبوو بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمە جاری یەکەمە لە مێژووی کوردانی ئێزدییدا کە چەترێک بەو گڕ و تینەوە دامەزراوە، هیوادارین هەموو ئێزدییەکان پشتگیریی بکەن، چونکە ئەم چەترە لەبەرەی گەلە و لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە هەموو ئێزدییەکان پشتگیریی ئەو چەترە بکەن.

فەواز ئەیۆ، نوێنەری هەڤبەندی ئێزدییەکانی سوریاش وتی: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە یەکێتی ئێزیدییەکانی سوریا چوارشەمەی ڕابردوو لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا، لەوێ گەلی ئێزدی زۆر بە جۆشەوە لەدەوری کۆبووبوونەوە، لێرەش لە ئەوروپا خەڵکێکی زۆر ئامادە بووە بە گڕوتینێکی تایبەتەوە بەشداریان کردووە، ئێمەش وەکو ئەندامانی چەتری یەکێتی ئێزیدییەکانی سوریا، بەڵێن دەدەین بە گەلی خۆمان کە شایانەی ئەو بەرپرسیارییەتییە بین کە خراوەتەسەر شانمان.

لەکۆتاییدا، بۆ دەربڕینی خۆشحاڵیی و خرۆشانی جەژنەوە، ئامادەبووان بە شایی و دیلان کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا.

ش.ف