لەدواین وتاریدا مایکڵ ڕۆبن ئاشکرای کردووە چۆن بارزانییەکان کەمایەتییە ئاینییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن و دەڵێت: مەسعود و مەسرور بارزانی ڕێگەیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داوە و بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانی بەغدا چەکیان بە داعش فرۆشتووە.
گۆڤاری واشنتۆن ئێگزامنەری ئەمریکی تایبەت بە هەواڵ و لێکۆڵینەوەی سیاسی، وتارێکی مایکڵ ڕۆبن، ڕاوێژکاری پێشوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا باس لەوە دەکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هێرشی چەتەکانى داعش بوون بۆ سەر ئێزدییەکان و خۆیان ڕێگایان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داوە، هەروەها بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانی بەغدا چەکیان فرۆشتووە بە چەتەکانی داعش.
لە وتارەکەدا، کە دوێنێ سێشەممە ٢٤ی کانونی دووەم بڵاوکراوتەوە، نووسیویەتی: “دوو ڕوویی مەسرور و مەسعودی باوکی بوو، کە ڕێگای دا جینۆسایدی ئێزدییەکان ڕوبدات، مەسعود چەکی بە “دەوڵەتی ئیسلامی” دەفرۆشت، تاوەکو بەغدای ڕکابەری لاواز بکات، هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەدەکرد مەترسییەکان هەڵگەڕێتەوە بەرەو ڕووی کوردستان هەڵگەڕێتەوە.
دەشڵێت: مەسرور بارزانی داوای ئێزدییەکانی ڕەتکردەوە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی گوندەکانیان و دابینکردنی چەک بۆیان تا بەرگری لە خۆیان بکەن، کاتێکیش “دەوڵەتی ئیسلامی” گوندەکانی ئێزدییەکانی داگیرکرد، هێزەکانی مەسرور تەنها ئەوە نەبوو ڕابکەن و هەڵبێن، بەڵکو زۆرێک لە ئەو چەکانەیان حەواڵەکرد کە بۆ شەڕی دژی “دەوڵەتی ئیسلامی” پێیان درابوو.
هۆکاری ڕوودانی جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ترسنۆکی مەرسور بارزانی و دەڵێت: ئەگەر ترسنۆکییەکەی بارزانی نەبوایە، جینۆسایدی ئێزدییەکانیش نەدەبوو، تا ئەمڕۆش مەسرور ڕەتی دەکاتەوە مانفێستی فڕۆکەخانە ئاشکرابکات، بۆ ئەوەی ئابڕوو و ناوبانگی ئەو خێزان و هاوڕێیانەی بپارێزێت، کە هەوڵی هەڵاتنیان دا”.
دەربارەی گەڕانەوەی ئێزدی و کریستیانەکان بۆ زێدی خۆیان نوسیویەتی: “بارزانییەکان پارەیان بۆ دروستکردنەوەی گوندەکانی ئێزدییەکان لە شنگال و کۆمەڵگاکانی کریستیانەکان کۆکردەوە، بەڵام بەربەستیان بۆ ئازادیی دروستکرد، تاوەکو ڕێگربن لە ئەوانەی خۆیان ناکەنە ژێردەستەی هەژمونی سیاسەتی بارزانی، ڕێکخراوە نا حکومییەکان ناتوانن سەربەخۆیانە کاربکەن، ئێزدییەکان دەڵێن تەنانەت نادیە موراد؛ کە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە بەهۆی داکۆکیکردن لە ئێزدییەکانەوە؛ لە ترسی ئەوەی مەسرور و وەیسی برا بچوکە توندوتیژەکەی، تۆڵە لە کۆمەڵگاکەی نەکەنەوە، ناتوانێت بە ئازادی قسەبکات.
هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، لە کاتێکدا داگیرکردنی زەوییەکانی کریستانەکان لەلایەن میلیشیا شیعە پاڵپشتکراوەکانی ئێرانەوە بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ زێد و گوندەکانی باوانیان، چەکدار و پارتە سیاسییەکەی بارزانی هەمان شت بەرامبەر کریستانەکان دەکەن و مامەڵەی بازرگانی بە زەوییەکانیانەوە دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن.
باس لە کاتی هاتی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر دەکات و نووسیویەتی: کاتێک پاپا فرانسیس بە فڕۆکە چووە هەولێر، وادەردەکەوت ئاگادار نەبێت لە ئەوەی حکومەتەکەی بارزانی بەبێ ئاگادارکردنەوە و قەرەبوکردنەوە، بەشێکی زۆری زەوییەکانی چواردەوری فڕۆکەخانەیان لە کریستیانەکان داگیرکردووە، هەروەها کەسە نزیکەکانی بارزانی زۆر مۆڵ و پرۆژەی نیشتەجێبونیان لەسەر ئەو موڵکە دەستبەسەرداگیراوانەدا دروستکردووە.
ئەوەش ناشارێتەوە، ئەگەر کەسێک سکاڵا بکات ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و هەڕەشە لێکردن دەبێتەوە، زۆرێک لە کریستانەکان تا ئێستا تاپۆی ئەو زەوییانەیان هەیە، کە لە ناو و لە دەوروبەری لە دهۆک و زاخۆی پێگە بەهێزەکەی بارزانی دەستیان بەسەرداگیراوە، میلیشیاکانی بارزانی گێچەڵیان پێدەکەن و ناچاریان دەکەن موڵکەکانیان جێبهێڵن.
مایکڵ رۆبن لە وتارەکەیدا، چۆنێتی مامەڵەی بارزانییەکان لەگەڵ کریستانەکان دەخاتەڕوو دەڵێت: جیاکارییەکی دیکە کە زۆر ئاشکراو ڕوونە، لە زۆربەی گوندە کریستیانەکان خزمەتگوزرارییە سەرەتاییەکان لە ئاستێکی خراپدایە، بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکەی نزیکیان، بەبێ ئەنجامدانی گرێبەستێک لە گەڵ هاوبەشێکی موسوڵمان یان دڵسۆزێکی بارزانیدا؛ بارزانییەکان ڕەتیدەکەنەوە مۆڵەت بدەنە کریستیانەکان بۆ دروستکردن یان فراوانکردنی ماڵ و بزنسەکانیان، تەنانەت زۆرکات داوای حکومەتە خۆجێیەکانیش بۆ دروستکردنی پرۆژەی ئاوی نوێ لە ناوچە کریستان نشینەکان ڕەتدەکەنەوە.
جگە لەمانەش دەڵێت: ئیدارەکەی بارزانی بە ڕەتکردنەوە دابینکردنی پارە بۆ خوێندگا لە گوندە کریستیانەکاندا، منداڵانی ئاشووری ناچاردەکەن بچنە خوێندگا کوردی و موسوڵمانەکان، رەتی دەکاتەوە ڕێگا بە خوێندنگاکانی ئاکیتو نسیبانی ئاشووری بدات لە دهۆک تا لەسەر ئەو زەویەی هی خۆیانە فراوان بکرێن، لەم ماوەیەدا چالاکوانە ئاشورییەکان دەڵێن، حکومەتەکەی مەسرور وشەی (ئاشووریی) قەدەغەکردووە بۆ ناوی بزنسی نوێ”.
لە کۆتایی وتارەکەیدا مایکڵ ڕۆبن نوسیویەتی: “ئەوەی بارزانییەکان بە ئازادی ئاینیی ناوزەندی دەکەن، لەڕاستیدا دەرکەوتنی هەستێکی قووڵی چێنراوی باڵادەستییە، ئەوان ئێزدی و کریستیانەکان وەک ئەهلی زیممە سەیردەکەن، هاوڵاتی پلە دوو، کە ئازادیی ئاینییان پشتدەبەستێت بە خواستیان بۆ خۆ ژێردەستەکردنی دیفاکتۆی حوکمی سوڵتان، ئەوانەی لە سیاسەتدا پێچەوانە و دژی خواستەکانی بارزانین، مافە ئاینییەکانی زۆر کەمدەبێتەوە.
لەڕاستیدا، کە کۆنگرێس لەسەر پێشێلکارییەکانی ئازادی ئایینی دەرچەیەکی داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا هانی مەسرور دەدات کە جیاکارییەکان دوو هێندە بکات، ئیتر بەسە، کاتی ئەوەیە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە، کوردستانی عێراق بخاتە لیستی وەزارەتی دەرەوە بۆ چاودێریی ئازادیی ئاینی”
ش. ئـ