بانگەوازی نێونەتەوەیی بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری

زیاتر لە ١٠٠ نووسەر، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانانی ناوداری جیهان، داواى کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە دەکەن و دەڵێن: بۆ کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی، کۆتایی بە گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی لە تورکیا بێنن، بۆ ئەوەی مانگرتن لەخواردن کۆتایی پێبێت.


 پرۆفیسۆر ئیمانوئل والرشتاین، پرۆفیسۆر دایڤید گرایبەر، پرۆفیسۆر نۆرمان پایچ، پرۆفیسۆر کاریانە وستهایم و ئیزابل کایسر لە ناو ئەو زیاتر لە سەد کەسە بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر عبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و زیندانیانی سیاسی بانگەوازییان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی بەرچاو پێوانەکانی پەیماننامەی ماندێلا کە لە ئاستی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ بە فەرمی دانیان پێنراوە پێشل دەکات، داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەین کە کۆتایی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیە سیاسیەکان بهێنێت.

بەپێ پێوانەکانی پەیماننامەی هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانیە سیاسیەکان (پێوانەکانی ماندێلا) کە لە حوزەیرانی ٢٠١٥ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، هەر شێوازێک لە گۆشەگیری لەسەر زیندانیان قەدەغەیە، بەپێ ئەو پێوانە ئەگەر کەسێک ١٥ ڕۆژی بەردەوام ڕۆژانە ٢٢ کاتژمێر یان زیاتر لە قسە کردن لەگەڵ مرۆڤەکان بێبەش بکرێت بە واتای گۆشەگیر کردنە.

لەم ناوەدا هەوڵدانەکانی ئاشتی نێوان کورد-تورک لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگیرا، دەوڵەتی تورک شەڕی سەربازی و فشاری سیاسیی دژی کوردەکان توندتر کردووە، کاربەدەستان بە فشار خستنە سەر حزبە سیاسیەکان و زیندانی کردنی ڕێبەرە سیاسیەکانی کورد، تورکیایان بەوەو بەڕێوەبەریەکی زۆرداری دا بردووە.

لەیلا گوڤەن سەرەڕای ئەوەی لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلانەوە وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە و نوێنەرێکی ژنە، بە زیندان سزا دراوە، گوڤەن ٦٥ ڕۆژە بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری ئۆجالان مانی لەخواردن گرتووە، لە ڕۆژانی ڕابردووش ١٥٠ زیندانی بە هاوسۆزی لەگەڵ لەیلا گوڤەن دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن، ١٤ سیاسەتمەداری کورد لە شاری ستراسبورگ هەر بەو ئامانجە دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.

ژمارەی زیندانیان لە زیندانەکانی تورکیا گەیشتووەتە ٢٦٠ هەزار کەس، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە بەرزبوونەوە ئاستی پێشلکاری مافی زیندانیان دەکەن، گۆشەگیری لە زیندانی تاکەکسیدا، توندترین شێوەی پێشلکاری مافەکانە.

ئەو مانگرتن لەخواردنە کە زیاتر لە ١٥٠ زیندانی لە تورکیا دەستیان پێکردووە، زیانێکی سەخت دەگەیەنێتە تەندروستی ئەو کەسانە، ئێمە وەک ئەو کەسانەی لە خوارەوە واژۆی ئەم ڕاگەیەندراوەمان کردووە، بۆ کۆتایی هێنان بە نادادپەروەری بانگەواز دەکەین، ئێمە بەشێکین لە بزۆتنەوەی پشتیوانی جەماوەری.

ئێمە دەڵێین: بۆ کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی، کۆتایی بە گۆشەگیری عەبدولا ئوجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی لە تورکیا بێنن، بۆ ئەوەی مانگرتن لەخواردن کۆتایی پێبێت، داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین فشار بخاتە سەر تورکیا تا بەپێ پێوانەکانی ماندێلا هەڵسوکەوت بکات.

د.ع