باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی شەرمەزارکرد

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە ڕاگەیاندراوێک کوشتن و ڕفاندنی خەڵکی لە خۆپیشاندانەکان شەرمەزار کرد.


ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکان و ڕووبەڕوو بوونەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی لەگەڵ خۆپیشاندەران بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە عێراقێکی ئارام و گەشاوە کە بتوانێت گەلەکەی خۆی لە بەرامبەر گروپە توندڕەوەکان بپارێزێت و توانای ئەوەی هەبێت ڕووبەڕووی ئەو کەسانە ببێتەوە کە سەروەری و دیموکراسی عێراق لاواز دەکەن.

هەروەها هاتووە: حکومەتی عێراق و سەرکردە سیاسییەکانی پێویستە لەگەڵ هاوڵاتیانی عێراقی کە داوای چاکسازی دەکەن دانوستان بکەن، چونکە بە سەرکوتی ئیرادەی گەلی عێراق هیچ ڕێگایەک بۆ بەرەوپێشچوون نادۆزرێتەوە.

لە کۆتاییش هاتووە: ئێمە لە کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران، هەڕەشە لە ئازادی ڕادەربڕین و بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان لە عێراق دڵگرانین، عێراقیەکان پێویستە ئازاد بن تا لەسەر داهاتووی وڵاتەکەیان بڕیار بدەن.

س.ح