باڵیۆزی تورکیا بۆ شکاندنی بایکۆت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێتەوە

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بە ئامانجی شکاندنی بایکۆت، کە لەلایەن گەلی باشوری کوردستانەوە دەستیپێکردووە، لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر و سلێمانی کۆبووەوە.


بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی لڤین پرێس، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فاتح یڵدیز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و بەیاوەری کونسوڵی گشتی تورکیا لەهەرێم کۆبوونەوەیان لەگەڵ ھەریەکە لە ھەڤاڵ ئەبوبەکر و فرسەت سۆفی پارێزگارەکانی سلێمانی ‌و هەولێر ئەنجامداوە".

لە کۆبوونەوەکەدا، یڵدز باسی ئەوەی کردووە کە ئەوان کارێک بکەن لەکاریگەری ئەو هەڵمەتی بایکۆتە کەم بکاتەوە کە لەهەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بەکاڵا و بەروبومی تورکی دەکرێت.

هەر بەپێی هەواڵەکە "ھەردوو پارێزگرەکە وتویانە ئەو بابەتە دەسەڵاتی ئەوانی تیادا نیە، ھەرچیشیان پێ بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەنجامی دەدەن".

هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای لەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەلایەن گەلی باشوری کوردستانەوە دەستیپێکرد و ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوان دەبێت، لە بەرامبەریشدا گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆ دەدرێت و لەدوای ئەو هەڵمەتەوە چەندین کارگەی ناوخۆیی کراونەتەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ بوژانەوەی ئابووریی ناوخۆ و زیادبوونی هەلی کاری تازە.

پێشتریش لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، بەختیار مەلا ئەحمەد، وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، کە هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن بە دڵنیاییەوە بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بکەن و لە بەرامبەر هەر کاڵایەکی تورکی جێگرەوەیەکمان هەیە.

ش.ف