سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، فینلاند و سوید هەموو پێداویستیەکانی چوونە ناو ناتۆیان هەیە و ئەمریکاش پێشوازی لە چوونەناوەوەی “دوو دەوڵەتی نوێ” دەکات بۆ ناتۆ.
جۆ بایدن، لەوتارێکیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ماگدالینا ئەندەرسن، سەرۆک وەزیرانی سوید و ساولی نینستۆ سەرۆکی فینلاند، کە ڕۆژی دوای ئەوەی داوایان بۆ چوونە ناو ناتۆ پێشکەش کرد سەردانی واشنتنیان کرد وتی “فینلاند و سوید پشتگیری تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان هەیە بۆ چوونە ناو ناتۆ”.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، سوید و فینلاند لەگەڵ ئەمریکا کار دەکەن و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان دەکەن بۆ پشتگیریکردنی گەلی ئۆکرانیا بە یەکێک لە نزیکترین هاوبەشەکانی ئەمریکا ناوی هێنان.
وتیشی “توانا سەربازییەکان و دیموکراسییەکانی فینلاند و سوید چونیان بۆ ناتۆ بەهێز دەکەن” جەختیشی کردەوە کە ناتۆ لە جیهاندا کاریگەرە و ئەمڕۆ زیاتر لە جاران جیهان پێویستی پێیەتی.
دەوڵەتی تورک وەک بەشێک لە ناتۆ ڕایگەیاندووە کە ڤیتۆی چونە ناو هاوپەیمانێتیەکە دەکات بۆ ئەو دوو وڵاتە و دەیەوێت ئەو دوو وڵاتە دژی گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادی خوازەکەی کار بکەن.
ها-غ