بۆڵتۆن: کشانەوەی ئەمریکا مەرجدارە بە پارێزراویی کورد لە سوریا

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانیان لە باکوری سوریا مەرجدارە بە تێکشکاندنی داعش و پارێزراویی کورد لە شەڕی دەوڵەتی تورک.


جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، دواین مەرجی کێشانەوەی هێزەکانیانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرا کرد.

بۆڵتۆن کە ئێستا بە سەردانێک لە ئیسرائیلە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، هیچ وادەیەکی دیارییکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا نییە، بەڵام دوپاتیشیکردەوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بێ سنوور نییە.

هاوکات، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کشانەوەی سەربازەکانیان مەرجدارە بە تێکشکاندنی پاشماوەی داعش، هەروەها دڵنیابوون لەوەی شەڕڤانە کوردەکانی هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە شەڕی تورکیا پارێزراو دەبن.

ئەمە یەکەمین لێدوانی فەرمی بەرپرسێکی کۆشکی سپییە لەبارەی خاوکردنەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو لە ماوەی چوار مانگدا سەرجەم هێزەکان بکشێنەوە.

نزیکەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژکاری ئەمریکی لەسەر خاکی سوریادا هەن و هاوپەیمانی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتن بۆ شەڕی دژی داعش، مانگی ڕابردووش دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا ئەو هێزانە لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ش.ف