ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاریدا بۆ دووەم جار سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بخاتە بەر پرساندن.
دوێنێ بە ٢٣٢ دەنگی ئەرێ و ١٩٧ دەنگی نا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بڕیاریدا بۆ دووەم جار پرساندن لە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بکات.
ئەمە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا کە سەرۆک کۆمارێک لە ماوەی سەرۆکایەتییدا دوو جار پرساندنی لێبکرێت، لە کاتێکدا تەنها هەفتەیەک ماوە تا ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ کۆتایی بێت.
پرساندن بۆ جاری دووەم، دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی ترامپ لە هەفتەی ڕابردوو، چوونە ناو بینای کۆنگرێسی ئەمریکا و لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەی لەوێ ڕوویدا، چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسیش برینداربوون.
بەپیێ بڕیارەکە، پێویستە ترامپ لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا لێپرسینەوەی لێبکرێت، لە کاتێکدا، یەکەم دانیشتنی ئەو ئەنجومەنە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، واتا ڕۆژێک پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ دەکرێت، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە پرساندنەکە هیچ کاریگەرییەکی بۆ لەکار لادانی ترامپ نابێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، بە سەرنجدان بەوەی کە ژمارەی کورسییەکانی کۆماریخوازەکان و دیموکراتەکان، لە سینات وەک یەکە و بۆ سزادانی ترامپ پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگەکان کۆبکرێتەوە، پێشبینی ناکرێت پرساندنەکە ئەنجامێکی هەبێت.
لە ئەنجامی دانیشتنەکەی دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران، نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنەکە، ترامپی تۆمەتبار کرد بە هاندانی خۆپیشاندەران و لایەنگرانی بۆ “شۆڕشی چەکداری” کە مەترسییەکی ڕوونە بۆ وڵاتەکەی، داواشی کرد بەم هۆکارانە پێویستە دۆناڵد ترامپ بڕوات.
ب.ک