بەرزترین ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کرا

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا پێنج ملیۆن کەسی تێپەڕاند و بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەرزترین ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ٢٤ کاتژمێردا لەسەر ئاستی جیهان، تۆمار کرا.


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٦ هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە تەواوی جیهاندا.

تیدروس ئەدهانوم، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی، هێشتا جیهان ڕێگایەکی دورودرێژی لەبەردەمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس و لە هەمان کاتیشدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەئاست زیادبوونی حاڵەتەکان بەتایبەت لە وڵاتە هەژار و تازە پێگەشتووەکان، لە هەمانکاتیشدا هۆشداری بە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا کە بەشێکیان قەدەغەی هاتووچۆیان شکاندووە و پێشنیازی کرد پەلە نەکەن لە بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکانیان.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ژمارەی توشبووان تا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٩٠ هەزار کەس، ژمارەی گیان لەدەستدانیش بەوهۆیەوە گەیشتووەتە ٣٢٩ هەزار و ٧٣٩ کەس، لە بەرامبەریشدا تا ئێستا دوو ملیۆن و ٢٤ هەزار و ٣٣٤ کەس چاک بوونەتەوە.

ش.ف