بەریتانیا: بەرامبەر کردەوەکانی ئێران لەپاڵ ئەمریکا دەبین

وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری توندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە کەنداو، بەریتانیا لەپاڵ هاوپەیمانەکانی لەوانە ئەمریکا دەبێت.


پنی موردانت، وەزیری بەرگری بەریتانیا کە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی قسەیدەکرد، ڕایگەیاندووە: بەریتانیا هاوبەشی نیگەرانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و هاوبەشەکانییەتی لە کەنداو.

موردانت جەختیشی لەوەکردووەتەوە: بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە، درێژە بە هاوکارییەکانمان دەدەین لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەمان".

وەزیری بەرگری بەریتانیا لەوەڵامی پەرلەمانتارێکی وڵاتەکەی کە پرسیبووی: لە بەرامبەر کردەوەکانی ئێران چی دەکەن؟ ڕایگەیاندووە"بەریتانیا ئەمادەیە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بکات، بۆیە هێزمان لە ناوچەکە جێگیر کردووە".

هەر دوێنێش جرمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕوو لە ئێران وتبووی: "باش و قووڵ بیری لێبکەنەوە، ئیرادەی ئەمریکا بەکەم مەزانن، ئەمریکا نیازی شەڕی نییە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر بەژەوەندییەکانی، بە توندی وەڵام دەداتەوە".

س.ح