بەریتانیا داوای ڕادەستکردنەوەی ڕێبەرێکی کەتەلۆنیەکانی بۆ ئیسپانیا ڕەتکردەوە

دەزگای دادی بەریتانیا داواکارییەکی دەوڵەتی ئیسپانیای بۆ ڕادەستکردنەوەی کلارا پۆنساتی یەکێک لە ڕێبەرانی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا ڕەتکردووە.


دوای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، چەندین کەس لە ڕێبەران و کەسایەتیە سیاسییەکانی کەتەلۆنیا لەلایەن دەزگای دادی ئیسپانیاوە دەستگیر و زیندانی کران، چەندین کەسیش کە لە دەرەوەی وڵات دەژین لەلایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە داواکراون.

کلارا پۆنساتی یەکێک لەو کەسانەیە کە لە سکۆتلاند دەژی و لەلایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە بە تۆمەتی "شۆڕش و گێڕە شێوێنی" و هەوڵدان بۆ جیاخوازی لە ڕێگەی ڕێفراندۆمەوە، خراوەتە لیستی داواکراوەکانی ئەو وڵاتەوە، بە فەرمی داوا لە بەریتانیا کراوە کە ڕادەستی بکاتەوە.

دەزگای دادی بەریتانیا دوای تاووتوێکردنی دۆسییەکەی پۆنساتی، بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە؛ تاوانی پێناسەکراو بۆ دەستگیرکردنی پۆنساتی لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی ناگونجێت، دۆسیەکەی داخستووە.

ک.س