بەرەی تورکمانی هەڕەشە لە حکومەتی هەرێم دەکات

کاربەدەستانی بەرەی تورمانی لە کاتی کردنەوەی بارەگاکەیان لە کفری، هەڕەشەیان لە کاربەدەستانی هەرێم کرد و وتیان: ئەگەر ئەو کەسانەی ساڵی ٢٠١٧ بارەگاکەیان سووتاندووە دەستگیر نەکرێن ئاڵۆزی لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەرەی تورکمانی ڕوودەدات.


ساڵی ٢٠١٧ هاوڵاتیانی شارۆچکەی کفری بارەگای بەرەی تورکمانی و چەند پارتییەکی دیکەی باشوریان سووتاند، بەپێی ئاژانسێکی تورکمانی، بەرەی تورکمانی جارێکی دیکە بارەگاکەی لە شارۆچکەی کفری سەربە ئیدارەی گەرمیان کردووەتەوە.

کاربەدەستی بەرەی تورکمانی لە مەراسیمی کردنەوەی ئەو بارەگایە، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە خۆپیشاندانەکەدا  بارەگاکانیان سوتاندبوو وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری، بە''تیرۆریست'' ناوزەدیان کردووە.

هەر لەمەراسیمەکەدا بەرەی تورکمانی ڕایگەیاندووە: سێ داواکاریمان لە حکومەت هەیە، یەکەمیان ئەوەیە ناوەندەکەمان لە هێرشی تیرۆریستان بپارێزێت، دووەم قەرەبووی ئەو بارەگایەمان بکات کە سووتێندراوە، سێیەمیش ئەوەیە کە هێرشبەرەکان سزابدرێن، ئەگەر هێرشکارەکان سزا نەدرێن، نێوان حکومەتی هەرێم و بەرەی تورکمانی خراپ دەبێت و ئاڵۆزی ڕوودەدات.

کاربەدەستانی بەرەکە داواشیان کردووە ئەو شتانەی ئەوان دواکارن جێبەجێ بکرێن و تاکو ئاڵۆزی درووست نەبێت، دەشڵین: حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی گیان و ماڵی تورکمانەکان.

ب.ش